عێراق
دیمەنی کۆبوونەوەی سەرکردەی سووننەکانی عێراق لە بارەگای ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانی لە بەغدا.
رووداو دیجیتاڵ
سوننەکان جارێکی دیکە نەیانتوانی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکەنەوە. ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی دەڵێ، لەسەر کۆمەڵێک میکانیزم رێککەوتوون بۆ ئاسانکاریی یەکلاییکردنەوەی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق. بەرپرسێکی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ، ئەگەر لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتن، بە دوو بەربژێرەوە دەچنە پەرلەمان و لەوێ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.
شەوی سێشەممە 23-12-2025، ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی (سوننەکان) لە بارەگای ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانی لە بەغدا، بە ئامادەبوونی سەرکردەکانی ئەو پارت و هاوپەیمانیەتییانەی ئەنجوومەنەکە پێکدەهێنن، کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی ئەنجوومەنەکە، "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆی چڕوپڕ کراوە و چەند میکانیزمێکی گونجاو پێشنیاز کراون کە دەبنەهۆی ئاسانکاری بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان. رێککەوتن کرا لەسەر خوێندنەوە و تاوتوێکردنی زیاتری ئەم میکانیزمانە لە چەند رۆژی داهاتوودا، تاوەکو لە کۆبوونەوەی داهاتوودا بڕیاری کۆتاییان لەسەر بدرێت."
هەریەک لە موسەننا سامەڕائی لە هاوپەیمانیی عەزم و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، بەربژێری سوننەکانن بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق.
عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای کەرکووک، ئەمڕۆ چوارشەممە 24-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، موسەننا سامەڕائی بەربژێریانە بۆ ئەو پۆستە و سوورن لەسەری.
عەزام حەمدانی گوتی، ئەگەر لەنێو ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانی رێکنەکەوتن، ئەوا بە دوو بەربژێر دەچنە پەرلەمان و لەوێ بەدەنگی هەموولایەنەکان ئەو پۆستە یەکلایی دەکرێتەوە.
ئەو بەرپرسەی عەزم گوتی، موسەننا سامەڕائی کەسێکی میانڕۆیە و جێگەی پەسندی کورد و شیعەیشە.
بڕیارە 29 ئەم مانگە یەکەم دانیشتنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بکرێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ