کشتوکاڵی پارێزگای زیقار: ئاوی زۆنگاوەکان بۆ نزیکەی 75 سانتیمەتر بەرزبووەتەوە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵی پارێزگای زیقار دەڵێ، بەهۆی شەپۆلی ئەم دواییەی بارانبارینەوە ئاستی ئاو لە زۆنگاوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، ئەم بەرزبوونەوەیەی ئاو "ئومێدی لای دانیشتووانی ناوچەکە، بەتایبەتی ئاژەڵداران و جووتیاران بۆ بووژانەوەی ژینگەیی و ئابووری دروستکردووە."
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، زەینەب ئەسەدی، سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکان و بووژانەوەی زۆنگاوەکان لە پارێزگای زیقار بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئاستی ئاوی رووباری فورات کە بەشێکی دەچێتە نێو زۆنگاوەکانی جبایش بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و ئاستی ئاو تێیاندا گەیشتووەتە نزیکەی 75 سانتیمەتر."
 
بە گوتەی زەینەب ئەسەدی، لە سەرەتای مانگی کانوونی یەکەم ئاستی ئاو لە نزمترین ئاستیدا بوو و تەنیا 34 سانتیمەتر لە زۆنگاوەکاندا تۆمار کرا، "ئەمەش بەو واتایەیە کە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا ئاستی ئاوەکە زیاتر لە دوو بەرامبەر زیادی کردووە."
 
بەگوتەی زەینەب ئەسەدی، ئەم زیادبوونەی بڕی ئاو کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر بووژانەوەی ژینگەیی و گەڕانەوەی ژیان بۆ ناوچە وشکبووەکان و هەروەها کۆچکردنیش کەم دەکاتەوە.
 
زەینەب ئەسەدی دەڵێت: "یەکێکی دیکە لە کاریگەرییەکانی ئەم بەرزبوونەوەیەی ئاستی ئاو بریتییە لە بووژانەوەی کەرتی ماسی، کشتوکاڵ و بەتایبەتی پیشەی بەخێوکردنی گامێش کە سەرچاوەی سەرەکی بژێوی زۆربەی خێزانەکانی ئەو ناوچانەیە."
 
سەرۆکی لێژنەی کشتوکاڵ لە زیقار گوتی: "پێویستە ئەم ئاستەی ئاو بپارێزرێ و لە رێگەی هاوئاهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکانی بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان، کار بۆ بەردەوامیی ژیان لە زۆنگاوەکاندا بکرێ."
 
زۆنگاوەکانی باشووری عێراق میراتێکی ژینگەیی و مرۆیی گرنگیان هەیە و لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکانەوە مەترسییەکی گەورە لەسەر ژینگەکەیان و کەرتی ئاژەڵداری لەو ناوچانە دروست بوو.
 
زۆنگاوەکانی جبایش کۆمەڵە زۆنگاوێکن کە دەکەونە رۆژهەڵاتی شاری ناسرییەی ناوەندی پارێزگای زیقار.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی سەرکردەی سووننەکانی عێراق لە بارەگای ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانی لە بەغدا.

سوننەکان کۆبوونەوە؛ نەیانتوانی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکەنەوە

سوننەکان جارێکی دیکە نەیانتوانی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکەنەوە. ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی دەڵێ، لەسەر کۆمەڵێک میکانیزم رێککەوتوون بۆ ئاسانکاریی یەکلاییکردنەوەی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق. بەرپرسێکی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ، ئەگەر لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتن، بە دوو بەربژێرەوە دەچنە پەرلەمان و لەوێ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.