کشتوکاڵی عێراق بۆ رووداو: زیاتر لە 17 ملیۆن سەر مەڕ و ماڵات لە عێراق هەیە

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، بە هاوئاهەنگی هەرێمی کوردستان کار بۆ پڕکردنەوەی پێویستییەکانی نێوخۆ لە بەرهەمی ئاژەڵ دەکەن. بەپێی ئاماری وەزارەتەکەش، عێراق ئێستا خاوەنی زیاتر لە 17 ملیۆن سەر مەڕ، بزن، گامێش، مانگا و حوشترە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ی کانوونی یەکەمی 2025، د. مەهدی سەهر جبووری، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، سەرەڕای ئاستەنگەکانی گرێدراو بە وشکەساڵی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە خۆبژێوی و پشتگیریکردنی ئاژەڵداران بەردەوامن.
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق دەڵێ، هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی پێویستییەکانی بازاڕی نێوخۆ هەیە.
 
بەگوێرەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، ژمارەی سەر ئاژەڵەکان لە عێراق بەمشێوەیە:
 
- مەڕ: 13 ملیۆن و 900 هەزار سەر
 
- بزن: یەک ملیۆن و 100 هەزار سەر
 
- مانگا: یەک ملیۆن و 670 هەزار سەر
 
- گامێش: 612 هەزار سەر
 
- حوشتر: 163 هەزار سەر
 
وشکەساڵی و رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە
 
بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "گۆڕانی کەشوهەوا و کەمبوونەوەی لەوەڕگە سرووشتییەکان کاریگەری نەرێنییان لەسەر کەرتی ئاژەڵداری هەبووە."
 
مەهدی سەهر جبووری گوتیشی: "بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، وەزارەت پەنای بۆ فراوانکردنی چاندنی بەروبوومە ستراتیژییەکانی وەک گەنم و جۆ بردووە، بەتایبەت لە ناوچە بیابانییەکاندا بە پشتبەستن بە ئاوی ژێرزەوی و بەکارهێنانی سیستمی ئاودێری مۆدێرن. ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر بووە لە دابینکردنی بڕێکی باشی ئالیک و زیادکردنی رووبەری لەوەڕگەکان."
 
خۆبژێوی و هاوردەکردن
 
د. مەهدی جبووری گوتی: "عێراق تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئاستی خۆبژێوی لە گۆشتی سوور و شیرەمەنییەکاندا."
 
ئاماژەی بەوەشکرد کە "بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە، دەرگای هاوردەکردن لەو وڵاتانەی کە لە رووی تەندروستیی ئاژەڵەوە جێگەی متمانەن کراوەیە. لەو چوارچێوەیەشدا لە چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەکی زۆر مانگای هۆڵەندی هاوردە کراون بۆ باشترکردنی جۆر و بڕی بەرهەمی نێوخۆیی."
 
قەرزی کشتوکاڵی و پاڵپشتیی دارایی
 
بە گوتەی بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بۆ هاندانی وەبەرهێنەران و ئاژەڵداران، بانکی کشتوکاڵی بەردەوامە لە پێدانی قەرز بە سوود و گوتی:"وەزارەتی کشتوکاڵ لە هەوڵی کۆتاییهێنانە بە رێکارەکانی دروستکردنی سندووقی قەرزی ئاسانکراو کە لەڕێگەیەوە بەبێ سوود قەرز بە ئاژەڵداران و جووتیاران دەدرێ."
 
ئاماژەی بەوەش کرد: "ئەم قەرزانە دەبنەهۆی کاراکردنەوەی ئەو پڕۆژانەی لە سەردەمی شەڕی داعشدا زیانیان بەرکەوتبوو یان لەکارکەوتبوون."
 
هاوئاهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
 
سەبارەت بە بەرهەمی پەلەوەری و هاوئاهەنگییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، مەهدی جبووری باسی لەوە کرد: "هاوئاهەنگیی تەواو لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هەیە و لیژنەیەکی هاوبەش سەرپەرشتی پشکنین و گواستنەوەی بەرهەمەکانی وەک مریشک و هێلکە دەکات لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ راگرتنی هاوسەنگی نرخ و دابینکردنی پێداویستییەکانی هاووڵاتیان."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی کۆبوونەوەی سەرکردەی سووننەکانی عێراق لە بارەگای ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن)، سەرۆکی پارتی جەماوەریی نیشتمانی لە بەغدا.

سوننەکان کۆبوونەوە؛ نەیانتوانی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکەنەوە

سوننەکان جارێکی دیکە نەیانتوانی بەربژێری پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکەنەوە. ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی دەڵێ، لەسەر کۆمەڵێک میکانیزم رێککەوتوون بۆ ئاسانکاریی یەکلاییکردنەوەی بابەتی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمانی عێراق. بەرپرسێکی هاوپەیمانیی عەزم دەڵێ، ئەگەر لەسەر یەک بەربژێر رێکنەکەوتن، بە دوو بەربژێرەوە دەچنە پەرلەمان و لەوێ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی دەکرێتەوە.