حکومەتی عێراق سێ بژارە دەخاتە بەردەم ئاوارەکان

11-02-2024
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن کەمپی ئاوارەکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، سێ بژارە دەخاتە بەردەم ئاوارەکان و دەڵێت، پێویستە تاوەکو نزیکەی شەش مانگی دیکە، سەرجەم کەمپەکانی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن. 
 
عەلی عەباس، گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و بەرپرسی لقەکان لە وەزارەتەکە، رۆژی یەکشەممە 11ـی شوباتی 2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پێویستە تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەمساڵ، سەرجەم کەمپی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دابخرێن."
 
عەلی عەباس دەڵێت "سێ‌ بژارە دەخرێنە بەردەم ئاوارەکان. یەکەم، گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان. دووەم، نیشتەجێبوون لەو شوێنەی ئێستا وەک ئاوارە تێیدا دەژین؛ سێیەم، چوونە پارێزگەیەکی دیکە و ئەو کات وەک گەڕاوە هەژمار دەکرێن."
 
بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە بە رووداوی داوە، لە هەرێمی کوردستاندا 24 کەمپ هەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بەپێی دوایین ئامارەکان، نزیکەی 35 هەزار بۆ 37 هەزار خێزانی ئاوارە لە کەمپەکاندا هەن کە ژمارەیان نزیکەی 120 هەزار کەس دەبێت."
 
عەلی عەباس گوتی، هەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە، سوومەند دەبێت لە هاوکاری و پشتیوانییەکانی وەزارەت وەک پێدانی پارە، دابینکردنی کەلوپەلی نێو ماڵ، تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتی و دامەزراندن.
 
رۆژی 2-1-2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە ئاوارەکان بڕیاریدا، پێداویستیی ئاوارەکانی گەڕاوە بۆ ناوچەکانی خۆیان دابینبکرێت و، رۆژی 30ـی مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵیش دوا وادە بێت بۆ داخستنی سەرجەم کەمپەکان و گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئاوارەکان.
 
بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاردرا لیژنەیەک لە وەزارەتەکانی کۆچ و کۆچبەران، پەروەردە، تەندروستی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ داخستنی ئەو دۆسیەیە پێکبهێندرێت، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق گوتی، "بۆ تەواوکردنی رێکارەکان و زەوینەسازی تەواو بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان، مانگێکی دیکە وادەی داخستنی کەمپەکانمان درێژکردووەتەوە. دەبێت تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ سەرجەم کەمپەکانی هەرێمی کوردستان دابخرێن."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە