رووداو دیجیتاڵ
بەکارهێنانی ئاسمانیی عێراق لەلایەن کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانەوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. بەگوێرەی ئامارەکان، عێراق مانگانە 9 ملیۆن و 450 هەزار دۆلاری دەست دەکەوێت.
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئێستا رۆژانە ئەو فڕۆکانەی کە ئاسمانی عێراق بۆ تێپەڕبوون بەکاردەهێنن، بۆ زیاتر لە 700 فڕۆکە زیادی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێت، پێشتر رۆژانە 300 بۆ 350 فڕۆکە ئاسمانی عێراقیان بەکاردەهێنا، دواتر بۆ 450، 550 و 600 فڕۆکە زیادی کرد، بەڵام ئێستا رۆژانە بۆ زیاتر لە 700 گەشتی ئاسمانی زیادی کردووە.
مەیسەم سافی پێی وایە ئەوە متمانەی نێودەوڵەتی بە ئاسمانی عێراق دەردەخات و ئاماژەی بەوەشکرد، پێشبینی دەکەن ژمارەکە زیاتر بێت.
18ـی تشرینی یەکەمی 2020، حوسێن شبلی، وەزیری ئەوکاتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق لە بەرامبەر تێپەڕبوونی هەر فڕۆکەیەک بە ئاسمانەکەیدا 450 دۆلار وەردەگرێت. بەو شێوەیە، ئێستا رۆژانە 315 هەزار دۆلاری دەست دەکەوێت کە مانگانە دەکاتە 9 ملیۆن و 450 هەزار دۆلار.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ