رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق، 320 کەسی خاوەن بڕوانامەى باڵا و یەکەمى زانکۆکان دادەمەزرێنێت، پێنجیان هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانن.
فەرمانى دامەزراندنى ئەو کەسانە لە 7ـى ئایار لەلایەن ئەو وەزارەتەوە دەرکراوە، نووسراوەکەیان ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـى ئایار نێردراوە بۆ لایەنە پەیوەندارەکان.
لەنێویاندا 18 کەس لە پشکى کەرکووک و پێنج-یان هاونیشتمانیى هەرێمى کوردستانن. حەیدەر عەبوودى، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستیى عێراق بە رووداوى گوت: "ئەو کەسانە وەک هەر هاووڵاتییەکى پارێزگاکانى عێراق لە رێگەى بەستەرى سایتى ئەلیکترۆنى ئوور داواکاریى دامەزراندنیان پێشکێش کردووە و ناویان لە رێگەى ئەنجوومەنى خزمەت بۆ دامەزراندن گەڕاوەتەوە".
ئەو هاونیشتمانییانەى هەرێمى کوردستان کە بڕیارى دامەزراندنیان دەرکراوە بریتین لە: پەروەر رەشۆ فەتاح و عەبدولکەریم هیوا لە پارێزگاى هەولێر، فەلەک عەلى ئەحمەد و وریا عەبدوڵڵا حەسەن لە پارێزگاى دهۆک، رێکان شەفیق محەممەد لە پارێزگاى سلێمانى.
حەیدەر عەبوودى رایگەیاند، ئەو کەسانەى دامەزرێنراون لە ناوەندى وەزارەتى خوێندنى باڵا دەبن و ئەگەر لە یەکەمەکان بن، پێویستە ماوەى یاسایی تەواو بکەن و بڕوانامەى باڵایان هەبێت بۆ ئەوەى بتوانن لە زانکۆکان وانە بڵێنەوە.
بەگوێرەى بڕیارى وەزیرى خوێندنى باڵا، پێویستە ئەو دامەزرێنراوانە لە 10 رۆژدا مامەڵە فەرمییەکانیان رادەستى ناوەندى رێنمایی وەزارەتەکە بکەن، بە مەبەستى تەواوکردنى دامەزراندنیان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ