عێراق کێشانی بەرهەمەکانی تووتن سنووردار دەکات؛ سزای دەگاتە بەندکردن و پێنج ملیۆن دینار

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە ڕێگەی پێشنیازەیاسایەکەوە، عێراق دەیەوێت کێشانی جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپ سنووردار بکات؛ باجی فرۆشتنی پاکەتێکی جگەرەی 20 دانەیی یان 20 گرام لە بەرهەمەکانی تووتن دەکاتە 500 دینار، سەرپێچیکردنی مادەکانی ئەو پێشنیازەیاسایەش سزاکەی دەگاتە شەش مانگ بەندکردن و پێبژاردنی پێنج ملیۆن دینار.
 
پێشنیازەیاسای پاراستن لە زیانەکانی تووتن، لە 4ـی ئایار لە پەرلەمان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کراوە و ئێستا ئامادەکاری بۆ خوێندنەوەی دووەم و دەنگدان دەکرێت.
 
ئەو پێشنیازەیاسایە 28 شوێنی دیاریکردووە کە کێشانی جگەرە و بەرهەمەکانی تووتن تێیاندا قەدەخەیە، لەوانە: دامەزراوەکانی دەوڵەت، شوێنی ئەهلی، بینای داخراو، هۆکارەکانی گواستنەوە، نەخۆشخانە، قوتابخانە و زانکۆکان. ئەو بەرهەمانە جگە لە جگەرە، نێرگەلە و ڤەیپیش دەگرێتەوە کە دوکەڵ دەکەن.
 
باجی نوێ لە نێو پێشنیازەیاساکەدا دیاریکراوە بۆ فرۆشتنی جگەرە، کە بۆ هەر پاکەتێکی 20 جگەرەیی یان 20 گرام لە بەرهەمەکانی تووتن کە بەرهەمی ناوخۆیی بن یان هاوردەکراو، 500 دینارە.
 
دەبێت لە ماوەی 180 رۆژ لە دەرچوونی یاساکە، کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەر یان هاوردەکاری بەرهەمەکانی تووتن، سەرجەم ریکلامەکانیان بۆ بانگەشەکردن بۆ ئەو بەرهەمانە لاببەن کە پێشتر دایانناوە، ئەگەرنا لە نێوان دوو بۆ پێنج ملیۆن دینار سزای پێبژاردن دەدرێن.
 
سزای سەرپێچیکردن لە مادەکانی ئەو پێشنیازەیاسایە جیاوازن؛ کێشانی بەرهەمەکانی تووتن لە شوێنە قەدەخەکراوەکان و نیشاندانی ئەو بەرهەمانە بە شێوەیەکی ئاشکرا بۆ فرۆشتن، سزاکەی پێبژاردنی 50 هەزار دینارە.
 
هەر کەسێک بەرهەمەکانی تووتن بە کەسێک بفرۆشێت کە تەمەنی خوار 18 ساڵە، سزاکەی شەش مانگ بەندکردن یان سزای پێبژاردنە لە نێوان 250 تاوەکو 500 هەزار دینار، یان پێکەوە هەردوو سزاکە دەدرێت.
 
ریکلامکردن بۆ بەرهەمەکانی تووتن، بەکارهێنانی وێنە بۆ هاندانی بەکارهێنان یان شاردنەوەى هۆشدارییە تەندروستییەکان لەبارەی زیانەکانی ئەو بەرهەمانە، سزاکەی دەگاتە شەش مانگ بەندکردن و سزای پێبژاردن لە نێوان یەک بۆ  سێ ملیۆن دینار، یان هەردوو سزاکە دەدرێت.
 
سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو پێشنیازەیاسایە گرنگیی زۆری پێدەدرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بەڵام تێبینیی زۆر لەسەری هەیە و لە قۆناخی خوێندنەوەی دووەمدا گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت".
 
پێشنیازەیاساکە لە پەرلەمانەوە ئامادەکراوە کە لە نێو لیژنەی تەندروستیدایە و لە 21 مادە پێکهاتووە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە