رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان لەبارەی دابەشکاریی پۆستەکانی حکومەتی نوێی عێراق کۆببێتەوە.
هەریەک لە عەقیل ردێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە سەرۆکایەتیی حەیدەر عەبادی؛ ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری و عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق بە سەرۆکایەتی هومام حمودی، ئەمڕۆ دووشەممە 11ی ئایاری 2026 بۆ تۆڕی میدیایی رووداو پشتڕاستیان کردەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و میکانیزمی هەژمارکردنی خاڵەکان کۆدەبێتەوە.
عەقیل ردێنی، بە دووری دەزانێت کۆبوونەوەکەی ئێوارەی ئەمڕۆ یەکلاکەرەوە بێت و تەواوی پۆستە وزارییەکان یەکلاببنەوە و گوتی ئەو پرسە هێشتا کاتی زیاتری پێویستە.
عەلی فالح زەیدی لە 7ى ئایارەوە کارنامەی حکومەتەکەی رادەستی پەرلەمانی کرد و بڕیارە پێکەوە دەنگیان لەسەر بدرێ. نزیکەی 12 رۆژ لەبەردەم عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو ماوە بۆ پێشکێشکردنی کابینەی حکومەتەکەی لە پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانە وەربگرێ.
گوتەبێژەکەی هاوپەیمانیی نەسر، پێیوایە کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی عەلی زەیدی رۆژی پێنجشەممە ئەم هەفتەیە یان رۆژی شەممەی سەرەتای داهاتوو دەبێت.
ئەبو میساق مەساری، ئاماژەی بەوەکرد، ئەستەمە سەرجەم کابینە وەزارەییەکەی تەواوبێت،بەڵام هەوڵ دەدرێت تاوەکو رۆژی پێنجشەممە 13 بۆ 14 وەزارەت ئامادەبێت بۆ ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەمانی عێراق کابینەکە دەنگی لەسەر بدرێت و پەسند بکرێت، ئەوەی دەمێنێتەوە دەکەوێتە دوای جەژنی قوربان.
سوننەکان شەش وەزارەت و کورد چوار وەزارەتیان بۆ دیاریکراوە؛ بەڵام تاوەکو ئێستا 13 وەزارەتەکەی دیکە، کە یەکێکیان بۆ پێکهاتەکانە لەنێو هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە بە تەواوی یەکلایی نەبوونەتەوە، کە پێکهێنەری سەرەکیی حکومەتەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ