رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 50 تۆن زێڕ هاوردەی عێراق کراوە، بەبێ هەژمارکردنی ئەو بڕەی دەچێتە هەرێمی کوردستان؛ بەگوتەی بازرگانێکی زێڕیش لە 11 مانگی ئەم ساڵدا 15 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە.
د. فەییاز محەممەد عەبد، سەرۆکی دەزگای ناوەندیی پێوانەسازیی و کۆنترۆڵی جۆری لە وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، سەرچاوەی سەرەکیی ئەو زێڕەی دەهێنرێتە عێراق، وڵاتانی ئیمارات و تورکیان.
ئەو بەرپرسە جەختی لەوە کردەوە، رێکارەکانی هاوردەکردنی زێڕ تەنیا لە رێگەی فڕۆکەخانەکانەوە دەکرێن و رێگە بە دەروازەکانی وشکانیی و ئاوی نادرێت، پرۆسەکەش لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی بەغدا، نەجەف، بەسرە و کەرکووکەوە دەبێت.
سەبارەت بە هەرێمی کوردستان، د. فەییاز ئاماژەی بەوە کرد، هیچ زانیارییەکیان لەسەر بڕی ئەو زێڕەی هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، نییە؛ دەیانەوێت لەم بوارەدا هاوئاهەنگی لەنێوان بەغدا و هەولێر هەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتوونەتە رێککەوتن.
حاجی هەژار قادر، بازرگانی زێڕ لەبارەی هاوردەکردنی زێڕ بۆ هەولێر بە رووداوی گوت، تاوەکو مانگی 11ـی ئەم ساڵ نزیکەی 15 تۆن زێڕ هاوردەی هەرێمی کوردستان کراوە بەگوێرەی پێشبنییەکان زیاترلە 10 تۆنیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بووە، هەروەها سێ تۆن بۆ سێ تۆن و نیویان لە رێگەی فڕۆکەخانەی هەولێر بووە.
ئەمە لەکاتێکدایە، هەندرێن وەرتی، گوتەبێژی لقی هەولێری سەندیکای زێڕنگەران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "هیچ داتا و ئامارێکمان لەبارەی هاوردەکردنی زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر نییە."
سەرهەنگ کەمال محەممەد، بەرپرسی هۆبەی پشکنین و مۆڵەتی خشڵ لە بەڕێوبەرایەتیی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆریی سلێمانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە 11-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تاوەکو کۆتایی مانگی 11، بە فەرمیی سێ تۆن و 796 کلیۆ زێڕ لە رێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی هاوردەکراوە".
ئەوە لەکاتێکدا بەپێی بەدواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، لە ماوەی 2023-10-01 بۆ 2024-12-31 لە عێراق زیاتر لە 28 تۆن زێڕ هاوردەکراوە و داهاتەکەشی زیاتر پێنج ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە.
بڕ و داهاتی هەناردەکردنی زێڕ لە رێگەی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا و نەجەف لە ماوەی 2023-10-01 بۆ 2024-12-31دا 28 تۆن و 298 کیلۆ و 82 گرام زێڕ هاوردە کراوە و داهاتەکەشی پێنج ملیار و 536 ملیۆن و 470 هەزار و 250 دینار بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ