رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ناوەڕاستى ئەم مانگە، ئەنجوومەنى سیاسیى نیشتمانیى سوننەکان بۆ تاوتوێى پۆستى سەرۆکى پەرمان و پشکیان لە حکومەتى داهاتوو کۆببنەوە. بەگوتەى عەزام حەمدانى، ئەندامی هاوپەیمانى عەزم، "ئەگەر لەسەر یەک بەربژێر بۆ سەرۆکى پەر لەمان رێککنەکەون، بە زیاتر لە بەربژێرێکەوە دەچنە پەرلەمان بۆ یەکلاکردنەوەى."
عەزام حەمدانى، لەکاتی بەشداریکردنى لە بووڵتەنی کاژێر 17:00 ى رووداو رایگەیاند: رۆژی یەکشەممەی داهاتوو ( 14ى کانونى یەکەم ) ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننە لە ماڵی موسەنا سامەرائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی پشکى سیاسی سوننە و دیاریکردنی بەربژێرى سەرۆکی پەرلەمان و رێککەوتن لەسەر کەسایەتییەکی نیشتمانی بۆ ئەو پۆستە کە بە گوتەى ئەو "شیاو بێت بۆ بەڕێوەبردنی پەرلەمان".
عەزام حەمدانى گوتى: "لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پشکی سوننە لە وەزارەتەکان و تێڕوانینیان لەبارەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ قۆناخی داهاتوو دەکرێت."
ئەو ئەنجوومەنە لە پارتەکانی تەقەدووم و جەماوەری نیشتمانی، هاوپەیمانێتییەکانی سەروەری، عەزم و حەسم پێکدێن، زیاتر لە 70 کورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە، لە سێ سەرۆکایەتیەکەى عێراق داواى پۆستى سەرۆکى پەرلەمان دەکەن.
ئەندامەکەى هاوپەیمانى عەزم رایگەیاند: "رێککەوتن لەسەر بەربژێرى سەرۆکى پەرلەمان نەکراوە و ناویش خراوەتە روو بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، بەڵام پێوەر و رێکار هەیە کە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانی کاری پێدەکات و بەربژێری سەرۆکی پەرلەمانی پێ یەکلایی دەکرێتەوە، کە یەکێکیان ئەوەیە؛ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان مافی سوننەیە نەک بۆ پارتێکی دیاریکراو."
یەکەم هەنگاوی پێکهێنانی حکومەتی نوێ پەیوەندیدارە بە سوننەکانەوە کە دیاریکردنی بەربژێریانە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لە یەکەم دانیشتنی خولی نوێ.
عەزام حەمدانی گوتى: "رێککەوتنەکە وایە کە بە سازان دەنگ لەسەر بەربژێرەکە دەدرێت نەک بەگوێرەی خاڵ، بەڵام ئەگەر رێککەوتن لەسەر یەک بەربژێر نەکرا، ئەنجوومەنەکە بە زیاتر لە بەربژێرێک دەچێتە پەرلەمان و لەوێ بە دەنگدان یەکلایی دەکرێتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ