رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سێ سکاڵاوە دادەنیشێت کە لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم لە خولى شەشەمى پەرلەمانی عێراق تۆمار کراون.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدووم، لە هەڵبژاردنی 11ی تشرینی دووەمی 2025، لە بازنەی بەغدا 72 هەزار و 374 دەنگی بەدەستهێنا و بووە ئەندامی خولی شەشەمی پەرلەمان.
یەکێک لە سکاڵاکان لەلایەن باسم خەشان، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق تۆمار کراوە، تێیدا داوای لە دادگەکە کردووە رێکارەکانی پەسندکردنی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە نادروست بزانێت، ئەندامێتیی لە خوولی نوێی پەرلەمان و ئەو دەنگانەشی کە بەدەستیهێناوە، هەڵبوەشێنێتەوە.
باسم خەشان بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، "سکاڵاکەی لەسەر بنەمای بڕیاری پێشووی دادگەی باڵای فیدراڵییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی لە خوولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق."
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لە 14ی تشرینی دووەمی 2023 بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی ئەندامێتیی محەممەد حەلبووسی دەرکرد، کە ئەوکات سەرۆکی پەرلەمان بوو؛ ئەو بڕیارەی دادگە لەسەر بنەمای سکاڵای لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق بوو بە پاساوی "ساختەکاری، شێواندن و گۆڕین، شکاندنی سوێندی یاسایی". دواتر لە 6ی ئاداری 2025 دادگەی تێهەڵچوونەوە یەکێک لەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی حەلبووسی کرابوون و بەوهۆیەوە لە ئەندامێتیی پەرلەمان دوورخرابووەوە.
لەیس دلێمی کە پێشتر لە رێگەی سکاڵاکەیەوە حەلبووسی دوورخرایەوە، سکاڵایەکی دیکەی لە دادگەی فیدراڵی تۆمار کردووە کە تێیدا ئەویش داوای کردووە رێکارەکانی کۆمیسیۆن بۆ پەسندکردنی محەممەد حەلبووسی وەک ئەندامی خولی نوێی پەرلەمان و ئەو دەنگانەی بەدەستی هێناوە هەڵبوەشێنرێتەوە و لە پەرلەمان دوور بخرێتەوە.
سکاڵای سێیەمیش لە دژی محەممەد حەلبووسی لەلایەن جەمال کەربوولی، سەرۆکی پارتی حەل تۆمار کراوە کە یەکێکە لە سیاسەتڤانە سوننەکانی عێراق و هەمان داواکارى دوو سکاڵاکەى دیکەى هەیە.
دادگەی باڵای فیدراڵی عێراق رۆژی 27ی کانوونی دووەمی 2026ی دیاریکردووە بۆ یەکەم دانیشتن لەبارەی هەر سێ سکاڵاکەوە کە پێکەوە تۆمار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ