زەوی و 50 ملیۆن دینار دەدرێتە رزگاربووانی کوردی ئێزدی

12-01-2026
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
حکومەتی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ دابەشکردنی بەشی دووەمی زەوی بەسەر رزگاربووانی کوردی ئێزدی؛ هاوکات بڕیاردراوە 50 ملیۆن دینار وەک قەرز بۆ دروستکردنی خانوو بەبێ هیچ مەرجێک بداتە رزگاربووان.
 
سەراب ئیلیاس، بەڕێوەبەری کاروباری رزگاربووان لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق، رۆژی دووشەممە 12-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رەزامەندیی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق وەرگیراوە کە هەر رزگاربووێکی ئێزدی بڕی 50 ملیۆن دیناری وەکو قەرز پێبدرێت بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون."
 
سەبارەت بە چۆنیەتی وەرگرتنی قەرزەکە، سەراب ئیلیاس گوتی، وەک ئاسانکارییەک بۆ ئەو توێژە "قەرزوەرگر لە هەموو رێنوێنی و مەرجەکان بەدەر دەکرێت."
 
بەگوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری رزگاربووان، تاوەکو ئێستا 262 پارچە زەوی بۆ رزگاربووانی ئێزدی تەرخانکراوە و ئەو قەرزە دەدرێتە ئەوانەی زەوییان وەرگرتووە. هەروەها وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی عێراق رەزامەندیی لەسەر تەرخانکردنی 850 پارچە زەوی دیکە داوە، کە بڕیارە بە دوو قۆناخ دابەش بکرێن.
 
خەلەف شنگالی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری کوردانی ئێزدی رۆژی دووشەممە 12-01-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای تەواوبوونی قۆناخی یەکەم، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانیان بەدەستهێناوە بۆ دابەشکردنی 2 هەزار و 166 پارچە زەوی دیکە بەسەر رزگاربووان و ئاوارەکاندا.
 
خەلەف شنگالی گوتی: "ئەم هەنگاوە پێدانی قەرزی خانووبەرە یان یەکەی نیشتەجێبوونی بێبەرامبەریش دەگرێتەوە، کە ئامانج لێی پاڵپشتیکردنی سەقامگیریی کۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی دادپەروەرییە."
 
ئەم بڕیارانە پاڵپشتن بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی 09-12-2025 و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پارێزگای نەینەوا جێبەجێ دەکرێن؛ بۆ ئەو مەبەستەش رۆژی 5ی ئەم مانگە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە نووسراوی فەرمیی ئاراستەی پارێزگاری نەینەوا کردووە بۆ پەلەکردن لە رێکارەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێڕاق

فراکسیۆنەکەى سوودانى داوا دەکات هەفتەى داهاتوو سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت

فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق کە محەممەد شیاع سوودانى سەرۆکایەتیى دەکات، داوا لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەکات هەفتەى داهاتوو دانیشتنێکی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دیاری بکات و داواش لە لایەنە کوردستانییەکان دەکەن بەر لە دیاریکردنی ئەو دانیشتنەی پەرلەمان، بەربژێریان بۆ ئەو پۆستە یەکلا بکەنەوە.