وەزارەتی کارەبای عێراق: دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە

12-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

پاشنیوەڕۆی دوێنێ کارەبای نیشتمانی لە سەرتاسەی عێراق کوژایەوە. گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا رایگەیاند، ئێستا دۆخەکە ئاسایی بووەتەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 12ی ئابی 2025 ئەحمەد موسا، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دۆخی کارەبا لە سەرجەم پارێزگاکاندا ئاسایی بووەتەوە و هیچ کێشەیەکی ئەوتۆ لە هێڵەکاندا نەماوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق گوتی، "شەو لە چەند پارێزگایەک کارەبا هاتەوە، بەڵام درەنگی شەو چەند جارێکی دیکە کوژایەوە، چونکە هێڵەکان پێویستیان بە پێداچوونەوە و تاقیکردنەوە هەبوو."
 
ئەحمەد موسا راشیگەیاند، "بارگرانیی بەرچاو لەسەر وێستگەکانی کارەبا، وایکرد هێڵێکی گواستنەوەی وزە لەنێوان بابل و موسەییب لەکار بکەوێت، ئەوەش هۆکار بوو بۆ کوژانەوە سەرتاسەرییەکە."
 
ئەمڕۆش وەزارەتی پیشەسازیی عێراق هەوڵەکانی بۆ چاککردنەوە و گۆڕینی ئەو گۆڕەرە کارەباییانەی دەستپێکرد، کە بەهۆی کوژاندنەوە لەناکاوەکەی دوێنێ شەوی کارەبای نیشتمانی لەکارکەوتوون.
 
بەگوێرەی وەزارەتی کارەبای عێراق، بەرهەمی ئێستای کارەبا 26 هەزار مێگاواتە، لە کاتێکدا لەم وەرزەدا خواست لەسەر کارەبا بۆ 54 هەزار مێگاوات بەرز دەبێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە