لە ماڵێکی سنووری تکریت پیاوێک کوژرا کە پێشتر خێزانەکەی لە هەمان ماڵدا کۆمەڵکوژ کرابوون

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
ژمارەیەک چەکدار لە سنووری تکریت پیاوێکی 70 دەکوژن
ژمارەیەک چەکدار لە سنووری تکریت پیاوێکی 70 دەکوژن
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گوندێکی سەر بە تکریت، چەکدارانی نەناسراو کە گومان دەکرێت چەکداری داعش بن، هەڵدەکوتنە سەر ماڵێک و پیاوێکی تەمەن 70 ساڵ دەکوژن. ئەمە جاری یەکەم نییە ئەم ماڵە دەکرێتە ئامانج؛ سێ ساڵ لەمەوبەر لە هەمان شوێن هەشت کەسی دیکە کوژران. 
 
کاژێر 11:30ی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی، کەشوهەوای گوندی ئەلبوبدێری سەر بە تکریت تەمومژاوی بوو، بەڵام ئەم تەمە بووە دەرفەتێک بۆ ئەوەی چەکدارانی نەناسراو جارێکی دیکە خوێن لەم گوندە بڕێژن.
 
چەکدارەکان کە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، "چەکداری داعش بوون"، هەڵدەکوتنە سەر ماڵی (فەخری ئەحمەد)، خانەنشینێکی تەمەن 70 ساڵ. دوای ئەوەی دەستڕێژی گولـلەی لێدەکەن و دەیکوژن، هەرچی پارە و ناسنامە و چەک و پێداویستییەک پێی بووە دەیدزن و هەڵدێن. براکەی فەخری کە دراوسێیەتی، گوێبیستی تەقەکان دەبێت و وەڵامی چەکدارەکان دەداتەوە، بەڵام ئەوان بە سوودوەرگرتن لە تاریکی و تەمەکە هەڵدێن.
 
محەممەد شەهاب، خزمی کوژراوەکەیە و دەڵێت: "هیوادارین ئەمە دووبارە نەبێتەوە، هێزی ئەمنی زیاد بکرێت. ئێمە چەکمان پێ نییە، دەترسین لە هەرکاتێک هەڵکوتنە سەرمان. ئێمە پارێزراو نین. کاژێر 11 و نیوی شەو هاتنە سەرمان. راستە کەشوهەوا تەم بوو، بەڵام پێویستە هێزە ئەمنییەکان وریابن هەرچەندە کەمترخەم نین، بەڵام دەمانەوێت تاوانەکە ئاشکرا بکرێت و هێزە ئەمنییەکان زیاد بکرێت."
 
تەرمی فەخری ئەحمەد کاژێر 02:00ی بەرەبەیان گەیێندرایە پزیشکی دادوەریی تکریت، بەڵام ئەم تەرمە چیرۆکێکی خوێناوی لەپشتە.
 
ئەمە یەکەمجار نییە ئەم ماڵە دەکرێتە ئامانج؛ لە ساڵی 2021 دا هەمان گرووپ هەڵیانکوتایە سەر ئەم ماڵە و کارەساتێکی گەورەیان خولقاند، کە تێیدا هەشت کەس کوژران و شەشیان ئەندامی یەک خێزان بوون.
 
حامید سەرحان، ئامۆزای کوژراوەکەیە و دەڵێت: "لە 12-03-2021 هاتنە سەرماڵیان خێزانەکەیان کوشت کە پێکدێت لە چوار منداڵ و کچێک و ژنەکەی هەموویان کوشتن. ئەو خۆی لەماڵەوە نەبوو لە لای ژنی دووەمی بوو. ئەمجارە دیسان هاتنە سەری و دوێنێ کوشتیان، براکەی بە چەک وەڵامی دانەوە. ئەو کاتەی دیاریانکردبوو هاوکار بوو بۆ ئەوەی هەڵکوتنە سەریان هەرچەندە ئەو پیاوە چەکی پێبوو لە ئامادەیی دا بوو، بەڵام کامێراکان روون نەبوو، چونکە کەشەکە تەم بوو."
 
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکانی سەڵاحەدین 12 کەسیان دەستگیرکردووە. گومان دەکرێت یەکێک یان دووان لەو دەستگیرکراوانە هەمان ئەو کەسانە بن کە لە کامێراکانی چاودێرییەوە دەرکەوتوون، کە بەقسەی شایەتحاڵەکان جلی داعشیان لەبەردایە و دەمامکدارن.
 
کەسوکاری فەخری لە دڵەڕاوکێدان، دەڵێن ئەگەر هێزی ئەمنی بۆ گوندەکەیان زیاد نەکرێت، دوور نییە بۆ جاری سێیەمیش هەمان کارەسات رووبداتەوە.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە