رووداو دیجیتاڵ
لەسەر داوای حکومەتی ئوسترالیا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق بازرگانێکی مادەی هۆشبەریان دەستگیر کرد، کە بە "یەکێک لە مەترسیدارترین داواکراوەکان لەسەر ئاستی جیهان" دادەنرێت و تۆمەتبارە بە سەرپەرشتیکردنی باندێکی گەورەی تاوان لە سیدنی.
ئەمڕۆ سێشەممە 13-01-2026 ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە راگەیێندراوێکدا وردەکاریی دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکەی ئاشکرا کرد کە ناوی (کازم مالیك حیجامی)یە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "دوای وەرگرتنی رەزامەندییە یاساییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، توانراوە تۆمەتبارەکە دەستگیر بکرێت."
بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئەم تۆمەتبارە بە یەکێک لە مەترسیدارترین داواکراوەکان لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت، ئەندامێکی سەرەکی بووە لە "مەترسیدارترین باندەکانی تاوانی رێکخراو لە شاری سیدنیی ئوسترالیا."
تۆمەتبارەکە بەرپرس بووە لە کردەوەکانی تەقەکردن، کوشتن، رفاندن، دەستدرێژی و سەرانەوەرگرتن لە ئوسترالیا، هەروەها پەیوەندی لەگەڵ باندە نایاساییەکان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبووە.
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، کازم مالیک بەرپرس بووە لە هاوردەکردنی بڕێکی زۆری مادەی هۆشبەر بۆ عێراق و ئوسترالیا، بەتایبەت قاچاخچێتی بە مادەی هیرۆین.
جگە لەوەش، تێوەگلاوە لە تاوانەکانی سپیکردنەوەی پارە، فێڵکردن، ئاگرتێبەردانی شوێنە جیاوازەکان و بازرگانیی نێودەوڵەتیی مادەی هۆشبەر.
ئێستا تۆمەتبارەکە لەلایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ، کە تایبەتە بە دۆسیەکانی مادەی هۆشبەر، رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ