وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران: دانوستاندن تاکە بژاردەیە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی دا دوایین پەرەسەندنەکانی دانوستاندنەکانی جنێف و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەڵێت، هەردوولا جەختیان کردەوە کە دەبێت ناوچەکە لە مەترسییەکانی هەڵکشانی گرژی و جەنگ بپارێزرێت.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی نێوەڕۆکی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە رایگەیاندووە، تەوەری سەرەکیی قسەکانیان تایبەت بووە بە ئەنجامی دانوستاندنەکانی ئەم دواییەی جنێڤ.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، عەباس عێراقچی کورتەیەکی لەبارەی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان، نێوەڕۆکی بابەتە باسکراوەکان و هەنگاوەکانی داهاتووی نێوان لایەنە دانوستاندنکارەکان بۆ فوئاد حوسێن خستووەتەڕوو. هەروەها ئاماژەی بە کاتی چاوەڕوانکراوی کۆبوونەوەی لیژنە تەکنیکییەکان کردووە.
 
لای خۆیەوە، فوئاد حوسێن سوپاسی هاوتا ئێرانییەکەی کردووە بۆ خستنەڕووی زانیارییەکان و دەستخۆشی لەو پێشکەوتنانە کردووە کە لە کۆبوونەوەکەی جنێڤ دا بەدەستهاتوون. وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتی کردەوە کە "بەردەوامیی دیالۆگ باشترین و گونجاوترین رێگەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان."
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق باسی لەوە کردووە، لە پەیوەندییەکەدا هەردوو وەزیر "جەختیان لەسەر پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە" کردەوە و هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە "دانوستاندن تاکە بژاردەیە بۆ چارەسەری کێشەکان." ئاماژەیان بەوەش کردووە کە "پێویستە هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوە بن ناوچەکە لە مەترسییەکانی جەنگ و پێکدادان بەدوور بگیرێت."
 
وەزارەتی دەرەوە دەڵێت، فوئاد حوسێن و عەباس عێراقچی "رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەم قۆناخە هەستیارەدا هاوئاهەنگی و راوێژی بەردەوام" لە نێوان بەغدا و تاراندا هەبێت.
 
دوێنێ سێیەمین گەڕی دانوستاندنە ئەتۆمییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا لە جنێڤ کۆتاییهات. عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت، دانوستاندنەکان جیدی و درێژخایەن بوون و "پێشکەوتنی باشمان بەدەستهێناوە."
 
عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، تاران داواکارییەکانی خۆی بە روونی پێشکێش بە لایەنی ئەمریکی کردووە، بەتایبەت لەبارەی دۆسیەی ئەتۆمی و پرۆسەی لادانی سزاکان لەسەر ئێران.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە