فوئاد حوسێن: بەربژێرکردنی مالیکی پرسێکی ناوخۆییە و تێبینییەکانی ئەمریکاش بەهەند وەردەگرین

13-02-2026
نیاز مستەفا
نیاز مستەفا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن رایگەیاند، پرسی بەربژێرکردنی نوری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی پێشوو، بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی حکومەت، پرسێکی تەواو ناوخۆیی عێراقە. وەزیری دەرەوە ئاماژەی بەوە کرد، هەرچەندە بەغدا ئاماژە و تێبینییەکانی ئەمریکا سەبارەت بەم بابەتە بەهەند دەگرێت، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە لایەنە عێراقییەکانن بڕیار لەسەر داهاتووی سیاسیی وڵاتەکەیان دەدەن.
 
گواستنەوەی چەکدارانی داعش لە سووریاوە
 
سەبارەت بە دۆسیە ئەمنییە هەستیارەکان، وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای کرد، تاوەکو ئێستا نزیكەی 3,000 دەستگیرکراوی رێکخراوی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ ناو خاکی عێراق گواستراونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.
 
ئەم هەنگاوەی عێراق دوای ئەوە دێت، سوپای ئەمریکا لە 21ی کانوونی دووەمدا رایگەیاندبوو پێشبینی دەکەن نزیكەی 7,000 چەکدار لە سووریاوە بگوازنەوە بۆ عێراق. ئەم بڕیارەش بەهۆی ئەو ناسەقامگیرییەی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دروستبووە دوای پێکدادانەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا، کە مەترسیی لەسەر ئاسایشی ئەو زیندانانە دروست کردبوو کە پێشتر هەسەدە پاسەوانیی دەکردن.
 
هەڕەشە ئەمنییەکان و نیگەرانییەکانی بەغدا
 
فوئاد حوسێن هۆشداریی دا لە زیادبوونی چالاکییەکانی داعش لە دیوی سنووری سووریا و گوتی: "ئێمە بە راستی نیگەرانین، چونکە داعش لەم دواییانەدا لەو دیوی سنوور زۆر چالاک بوون." 
 
وەزیری دەرەوەی عێراق پێیوایە ئەو ململانێیانەی لە ناو خاکی سووریا هەن و مانەوەی ئایدۆلۆژیای ئەو رێکخراوە لە ناو هەندێک ناوچەدا، وایکردووە مەترسییەکە بەردەوام بێت.
 
وەزیری دەرەوە داوای هاوکاریی دارایی و نێودەوڵەتیی کرد بۆ بەڕێوەبردنی ئەم ژمارە زۆرەی زیندانییان و گوتی: "مانەوەی هەزاران تیرۆریست بۆ ماوەیەکی درێژ لە عێراق، مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر ئاسایشمان، بۆیە پێویستمان بە پاڵپشتیی وڵاتانی جیاواز هەیە."
 
گەڕانەوەی بیانییەکان و کشانەوەی ئەمریکا
 
بەغدا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هەندێک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی بۆ ئەوەی هاووڵاتییە دەستگیرکراوەکانیان وەربگرنەوە، بەڵام وڵاتانی ئەورووپا هێشتا دوودڵن. وەزیری دەرەوە روونی کردەوە، ئەورووپییەکان دەترسن سیستمە یاساییەکانیان رێگە بدات ئەو چەکدارانە زوو لە زیندان ئازاد بکرێن.
 
لە کۆتاییدا، فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە بەپێی رێککەوتنەکان، بڕیارە هێزەکانی ئەمریکا تاوەکو کۆتایی ساڵی 2026 بە تەواوەتی خاکی عێراق بەجێبهێڵن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

سوودانی بەبۆنەی گەیشتنی عێراق بە مۆندیال دوو رۆژ پشووی راگەیاند

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەبۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ مۆندیالی 2026، پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەمە دەستکەوتێکی مێژووییە و پێگەی عێراق لە نێوەندە وەرزشییە جیهانییەکاندا بەهێزتر دەکات. هەر بەم بۆنەوە ئەمڕۆ و سبەی کردە پشووی فەرمی