رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی عێراق دەڵێ، گواستنەوەی چەکدارانی پێشووی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق کۆتاییهات و کۆی گشتیی گواستراوەکان گەیشتە 5704 کەس. بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، "هەڵگری وڵاتینامەی 61 وڵاتن."
ئێوارەی رۆژی هەینی، 13ـی شوباتی 2026، سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆسەی گواستنەوەی ئەندامانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کۆتاییهات و بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دوایین کاروان گەیێندرایە عێراق".
ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: "کۆی گشتی ئەو ئەندامانەی داعش، پێنج هەزار و 704 کەسە کە 467 ـیان عێراقی، چوار هەزار و 253ـیان عەرەبی ناعێراقین کە سێ هەزار و 543ـیان سووریایین و هەروەها 983 ـیان بیانین".
سەرچاوەکەی رووداو باسی لەوە کرد، سەرجەم ئەو ئەندامانەی پێشووی داعش لە "گرتووخانەی ناوەندیی بەغدا" زیندانی دەکرێن.
بەگوێرەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق، ئەو چەکدارانەی پێشووی داعش هەڵگری وڵاتینامەی ''ئەڵمانیا، هۆڵەندا، بەلجیکا، فەرەنسا، نەمسا، ئیسپانیا، سویسرا، دانیمارک، پۆڵەندا، رووسیا، ئۆکرانیا، ئوسترالیا، کەنەدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، باشووری ئەفریقا، نیوزیلاند و بەریتانیا''ـن.
دادگەی لێکۆڵینەوەی "کەرخی یەکەم"ـیش کە تایبەتە بە دۆسیەکانی تیرۆر دەڵێ، دەستبەجێ دوای گەیشتنی تۆمەتبارەکان، دەستیان کردووە بە رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی گوتە لێیان بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ