تاکە بەربژێری پارتی لە دیالە بۆ رووداو: دەرچووم

13-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگای دیالە کورسییەکی پەرلەمانی عێراقی لە رێگەی کۆتای ژنانەوە بەدەستهێنا.
 
پارتی دیموکراتی کوردستان، نازک ئەحمەد محەممەد فەرەج-ی وەکو بەربژێری خۆی بە ژمارە 8 لەناو هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتیی موسەننا سامەڕائی لە پارێزگای دیالە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەربژێر کردبوو.
 
نازک ئەحمەد محەممەد فەرەج، رۆژی پێنجشەممە، 13-11-2025، لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، هەواڵی سەرکەوتنی بۆ پەرلەمانی عێراق پشتڕاستکردەوە و رایگەیاند: "کورسیی دووەمی هاوپەیمانیی عەزمم بە کۆتای ژنان بەدەستهێناوە."
 
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەوی رابردوو ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی راگەیاند. بەگوێرەی ئەنجامەکان، هاوپەیمانیی عەزم لە پارێزگای دیالە دوو کورسیی بەدەستهێناوە؛ یەکێکیان بۆ رەعد دەهلەکی بە 11630 دەنگ و ئەوەی دیکەیان بەر بەربژێرەکەی پارتی کەوتووە، کە بە کۆتای ژنان سەرکەوت. نازک ئەحمەد، بەربژێری پارتی، 7921 دەنگی بەدەستهێناوە و بەم شێوەیە کورد نوێنەرێکی لەو پارێزگایە دەبێت.
 
لە هەڵبژاردنی پێشووی پەرلەمانی عێراقدا، کورد لە پارێزگای دیالە نوێنەرێکی هەبوو، کە ئەویش سۆزان مەنسوور لە لیستی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا یەکێتی، سەرەڕای بەدەستهێنانی 29044 دەنگ، هیچ کورسییەکی لە پارێزگاکە بەدەستنەهێنا.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە