رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق قسەیان کرد و باسیان لە دۆخی سووریا کرد. وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گرنگیی عێراقی لە بەرقەرارکردنی سەقامگیریی ناوچەکە تاوتوێکرد.
رۆژی پێنجشەممە 12-12-2024 دەیڤد لامی، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا لە ئێکس نووسی: "ئەمڕۆ قسەم لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد. گفتوگۆمان لەسەر گرنگیی رۆڵی عێراق، لە دڵنیابوونەوە لە سەقامگیریی ناوچەکە کرد. هاوڕابووین لەسەر ئەوەی حکومەتێکی راگوزەریی هەمەگر لە سووریا، گرنگە بۆ ئەوەی ژیانی خۆیان دووبارە بنیاد بنێنەوە."
نووسینگەی رۆژنامەڤانیی سوودانی رایگەیاند: "لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە، سەرۆکوەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی عێراقی بۆ پاراستنی ئاسایش، سەلامەتیی خاک و سەروەریی سووریا دووپات کردووەتەوە. هەروەها جەختی لەوە کردووەتەوە کە ئاشتیی وڵاتەکە بپارێزرێت."
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەروەها رایگەیاند: "سەرۆکوەزیران جەختی لەوە کردەوە کە گرنگە رێز لە هەمەچەشنیی کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و کولتووریی سووریا بگیرێت؛ هەروەها داوایکرد تراژیدیای غەززە کۆتایی پێبێت."
بەگوێرەی نووسینگەی سوودانی، وەزیرەکەی بەریتانیا رایگەیاندووە، ئەوان چاویان لەو سەردانەی سوودانییە کە بە نیازە مانگی داهاتوو بۆ بەریتانیا بیکات، "ئەو هەروەها باسی لە دەرفەتەکانی بەهێزکردنی پەیوەندیی هەردوو وڵات کرد لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش."
دەیڤد لامی هەروەها "پابەندیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ عێراق" دووپات کردووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ