گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: وەڵامەکەی ترەمپ ئاماژەیەکی ئەرێنییە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات. وێنە: AA
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا قسە بۆ رۆژنامەڤانان دەکات. وێنە: AA
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ رووداو کۆتایی بەو "تەمومژە" هێنا کە لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبوو. ئاماژە بەوەش دەدات، لێکتێگەیشتن لەنێوان نووری مالیکی و سەرۆک بارزانی دا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەیە.
 
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ی شەوی رابردووی تۆڕی میدیایی رووداو، وەڵامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ رووداو لەبارەی مانەوەی ڤیتۆ لەسەر نووری مالیکی بە "پەرەسەندنێکی جۆری" ناوبرد و گوتی، "ترەمپ بە روونی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەوان خوێندنەوە بۆ بژاردەکان دەکەن و بیرۆکەیان هەیە. ئەو قسانە پەرەسەندنێکی جۆرییە لە گۆشەنیگای ئەمریکاوە بەرامبەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی."
 
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، ئەو گوتەیەی ترەمپ "ئاماژەیەکی ئەرێنییە" لەبارەی پرسی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
 
شەوی رابردوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژەی بەوەش کرد، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
 
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو لە ترەمپی پرسی کە ئایا هێشتا ڤیتۆی لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە."
 
 
فەتلاوی ستایشی کارەکانی رووداوی کرد و رایگەیاند، "دەبێت ئاماژە بەو زیرەکییە نایابەی پەیامنێری رووداو بکەین کە توانی ئەو پرسیارە گەورەیە ئاراستەی سەرۆکی ئەمریکا بکات."
 
گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا گوتیشی، "عێراق لە دوورگەیەکی دابڕاودا نییە؛ بۆیە دەمانەوێت پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ ئەمریکا هەبێت، بەڵام بەو مەرجەی دەستوەردان نەبێت لە سەروەریی وڵاتەکەمان."
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، گوتەبێژەکەی دەوڵەتی یاسا گەشبینیی خۆی نیشاندا و باسی لەوە کرد، نووری مالیکی دەیەوێ لە قۆناخی داهاتوودا بە زمانی دیالۆگ لەگەڵ سەرۆک بارزانی کۆتایی بە کێشە هەڵپەسێردراوەکان بهێنێت. فەتلاوی گوتی، "ئەو متمانەیەی لەنێوان ئەو دوو سەرکردەیەدا هەیە، کلیلی چارەسەرکردنی پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانە."
 
هێشتا پرسی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار یەکلایی نەبووەتەوە. پارتی دیموکراتی کوردستان (فوئاد حوسێن) و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان (نزار ئامێدی)یان بۆ ئەو پۆستە بەربژێر کردووە. عەقیل فەتلاوی ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان چاوەڕوانن هێزە کوردستانییەکان لەسەر یەک بەربژێر رێکبکەون، تاوەکو رێڕەوی دەستووری بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو تەواو بێت.
 
پێشبینیش دەکات پرسی پۆستی سەرۆککۆمار پێش مانگی رەمەزان لەنێوان پارتی و یەکێتیدا یەکلایی ببێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گواستنەوەی  گواستنەوەی ژمارەیەک چەکداری داعش لە سووریارە بۆ عێراق

عێراق 5.704 چەکداری پێشووی داعشی لە سووریاوە گواستوەتەوە و سەرجەمیان لە بەغدا زیندانی کراون

سەرچاوەیەکی باڵای ئاسایشی عێراق دەڵێ، گواستنەوەی چەکدارانی پێشووی داعش لە زیندانەکانی سووریاوە بۆ عێراق کۆتاییهات و کۆی گشتیی گواستراوەکان گەیشتە 5704 کەس. بەگوێرەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، "هەڵگری وڵاتینامەی 61 وڵاتن."