رووداو دیجیتاڵ
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی بەسرە دەڵێ، وێڕای کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بەهۆی شەڕەوە، رۆژانە 3000 تۆن گازی شل بۆ پێداویستیی ناوخۆ دابین دەکەن.
مورفی کازم ئەسەدی، جێگری بەڕێوەبەری رێپێدراوی کۆمپانیای گازی بەسرە و بەڕێوەبەری دەستەی باڵای وەبەرهێنان لە کۆمپانیاکە، ئەمڕۆ شەممە، 14ی ئاداری 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "کۆمپانیای گازی بەسرە لەم دۆخە تایبەتەدا بە هاوئاهەنگییەکی بەرز لەگەڵ وەزارەتی نەوت، کۆمپانیای نەوتی بەسرە و کۆمپانیای گازی باشوور، کاردەکات بۆ گەرەنتیی بەردەوامیی دابینکردنی گاز."
ئەو بەرپرسەی کۆمپانیای گازی بەسرە ئاماژەی بەوە کرد، بەهۆی رووداوەکانی ئەم دواییەوە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزیوە و ئەمەش کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بڕی ئەو گازە هەبووە کە کۆمپانیاکە وەریدەگرێ.
سەبارەت بە ئامارەکانی بەرهەمهێنان، ئەسەدی گوتی: "لە ئەنجامی هەوڵە چڕەکانمان، ئێستا رۆژانە 500 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەکانی روومێلەی باکوور و زوبێر بەرهەم دەهێندرێ. ئەمەش وایکردووە رۆژانە 3000 تۆن گازی شل (LPG) بۆ پێداویستیی نێوخۆیی وڵات و 400 ملیۆن پێ سێجا گازی وشک بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکەین."
جێگری بەڕێوەبەری کۆمپانیای گازی بەسرە ئاماژەی بەوەکرد، یەکەکانی کۆمپانیاکەیان ئامادەن بۆ وەرگرتنی هەر بڕە گازێکی زیادە و گوتیشی: "ئەم دۆخەی ئێستامان وەک دەرفەتێک بەکارهێناوە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی نۆژەنکردنەوە لە دامەزراوەکانمان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ