رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای بەسرە مزگەوتێک دەڕووخێندرێت کە تەمەنی بۆ 400 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. پارێزگاری بەسرە کە سەرپەرشتیی رووخاندنەکەی کردووە، دەڵێت، "رووخاندنی مزگەوتەکە بە ئاگاداری و رەزامەندیی وەقفی سونەبووە." وەزیری رۆشنبیریی عێراقیش دەڵێت مزگەوتەکە بەشێک بووە لە مێژووی عێراق، بۆیە رێکاری یاسایی دژی ئەو پێشێلکارییە دەگرنەبەر.
بەرەبەیانی ئەمرۆ هەینی، 14-7-2023 مزگەوتی سەڕاجی لە قەزای ئەبی خەسیب لە پارێزگای بەسرەی باشووری عێراق رووخێنرا و تەختی زەوی کرا، مزگەوتەکە نزیکەی 400 ساڵ لەمەوبەر دروستکراوە. پێشتر بە پاساوی فراوانکردنی شەقامێکی سەرەکیی قەزاکە هەوڵ رووخاندنی هەبوو، بەڵام سەرینەگرت، رووخاندنی مزگەوتەکە کێشەی دروستکرد و وەزیری رۆشنبیریی عێراق بەتوندی هاتووتە سەر هێڵ.
ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسرە، کە خۆی سەرپەرشتیی رووخاندنی مزگەوتەکەی کردووە، بەرەبەیانی ئەمرۆ لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند: "هەندێک دەیانگوت مزگەوتێکی مێژوویی یە و هەندێک دەنگیان بەرزکردەوە، بەڵام ئەمڕۆ بینیتان دوای ئەوەی کارەکانی لابردن دەستیپێکرد، بێگومان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ برایان لە وەقفی سونە بەسوپاسەوە، ئەو مزگەوتە لەنێوەڕاستی شەقامەکە بوو، ئێستا مزگەوتەکە لابرا و خۆڵ و خاشاکەکەش لادەبرێت و زەوییەکە تەخت دەکرێت، مزگەوتێک نوێ لەلایەن پارێزگاوە دروستدەکرێت."
مزگەوتی سەڕاجی لە بەسرە لەساڵی 1727ـی زاینی دروستکراوە، دەگوترێت عەبدولوەهاب پاشا قرتاس لەساڵی 1902 نۆژەنیکردووەتەوە، رووبەرەکەی نزیکەی 1900 مەتر دووجا دەبێت، دەکەوێتە گەڕەکی سەڕاجی لە قەزای ئەبی خەسیب، مزگەوتەکە منارەیەکی 11 مەتریی هەیە کە بەیەکێک لە منارە مێژووییەکان هەژماردەکرا.
رۆژی هەینی، 14-7-2023، ئەحمەد فەکاک بەدرانی، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق لەبارەی رووخاندنی ئەو مزگەوتەوە راگەیێندراوێکی تووندی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "شوێنەوارەکان چ ئاینی بن یان مەدەنی، موڵکی دیوانی ئەوقاف یان وەزارەت و دەستەیەک یان پارێزگا نین، بەڵکو موڵکی مێژوویی شارستانی و کەلەپووریی عێراقن."
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق راشیگەیاند: "سەرجەم رێکارە یاساییەکان بۆ پاراستنی میراتی شوێنەواریی دەگرینەبەر لە دژی هەر پێشێلکارییەکی کارگێڕی یان کەسی کە کار بۆ زیانگەیاندنی ئەنقەست بێت یان هەرەمەکی بێت بکات، بەتایبەت رووداوەکەی بەرەبەیانی ئەمرۆی رووخاندنی مزگەوتی سەڕاجی لە بەسرە، سەرباری ئەوەی دەستەی گشتی شوێنەوار و کەلەپوور چەندین پێشنیازی بۆ پاراستنی مزگەوتەکە کردبوو."
وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەواری عێراق داوا لە هەردوو وەقفی سونە و شیعە دەکات دەستوەردان بکەن و بە تووندی سزای ئەو کارمەندانەیان بدەن کە رێگەیان بەو رووداوە داوە و بە "پێشێلکاری و ساختەکردنی مێژوو" ناوی بردووە.
رووخاندنی مزگەوت یەکێکە لە تاوانەکان لە ئیسلامدا، بەڵام زۆرجار بەشێک لە زانایانی ئاینەکە رێگەیان بە رووخاندنیان داوە، ئەگەر لەبەرژەوەندیی گشتی بێت و بۆ خزمەتی مرۆڤ و مرۆڤایەتی یان پڕۆژەی خزمەتگوزاری بێت کە بەرژەوەندیی گشتی تێدابێت، واتە بەمەرج، بەڵام مزگەوتەکەی بەسرە بەهۆی هەستیاریی دۆخی نێوان سونە و شیعەکانەوە پێشبینی دەکرێت کاردانەوەی زیاتری لێبکەوێتەوە.
پێشتر چەند جارێک داواکاریی رووخاندنی مزگەوتەکە لەلایەن پارێزگا و دامەزراوەکانی قەزا و پارێزگاکەوە درابوونە دیوانی وەقفی سوننە، بەڵام وەقفەکە داواکەی رەتکردبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ