عامر فائیز بەتەمەنترین پەرلەمانتاری عێراقە و سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ناوی ئەو بەربژێرە براوە رادەگەیێنێت کە سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکات.
 
جوومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە، 16-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، عامر حوسین جاسم عەلی فائیز لە هاوپەیمانیی تەسمیم لە پارێزگای بەسرە وەک بەتەمەنترین براوەی دەرچوو، سەرۆکایەتیی یەکەم دانیشتنی پەرلەمان دەکات. عامر فائیز لەدایکبووی 25-10-1948ە. 
 
رۆژی 11-11-2025، هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کرا و رۆژی 14-12-2025 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەسندکرد.
 
ئەمڕۆ، سەرۆککۆماری عێراق رۆژی یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمانی عێراقی دیاری کرد کە 29ى کانوونی یەکەمی 2025 دەبێت.
 
دیاریکردنی ئەو رۆژە بە مەرسوومی کۆماریی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بوو کە تێیدا داوای لە ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق کرد یەکەم کۆبوونەوەیان لەو رۆژەدا بکەن، کە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام دەبێ.
 
ئەو رێکارەی سەرۆککۆمار بەگوێرەی مادەی 54ى دەستووری عێراقە کە دەبێ لە 15 رۆژ لە پەسندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆککۆمار داوا لە ئەندامانی نوێ بکات یەکەم کۆبوونەوەی خولی نوێی پەرلەمان بکەن.
  
بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە:
 
- دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێ.
 
- بەگوێرەی مادەی 50ی دەستوور، پەرلەمانتاران سوێندی دەستووری دەخۆن.
 
- بەگوێرەی مادەی 55ی دەستوور، لە هەمان دانیشتندا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و بۆ دەرچوون پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانە. 
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "لەو کۆبوونەوەیەدا ئەندامانی نوێ سوێندی یاسایی دەخۆن بۆ دەستبەکاربوونیان. ئەگەر ئەندامێکیش لەو کۆبوونەوەیە ئامادە نەبێت، دەتوانێت لە کۆبوونەوەیەکی دیکە سوێند بخوات".
 
بەگوێرەی رێکاری دەستووری، لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی، دەبێت لە سێ رۆژدا دەرگای بەربژێربوون بۆ بەربژێرانی سەرۆککۆمار بکرێتەوە و لە 30 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 فڕۆکەیەکی هێڵی گواستنەوەی نیشتمانیی یۆنان (Aegean Airlines) لە فڕۆکەخانەی بەغدا

یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە

دوای 35 ساڵ وەستان، رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، عێراق گەڕایەوە سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا.