رووداو دیجیتاڵ
پاساوی کەمی نەختینە کێشەی لەنێوان بەڵێندەران و وەزارەتی دارایی عێراق دروست کردووە و بەهۆیەوە خۆپێشاندان دەکەن؛ بەگوێرەی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، حکومەت 30 تریلیۆن دیناریان قەرزدارە.
16ى کانوونی یەکەمی 2025، یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، ستەم لە بەڵێندەران دەکرێت لەلایەن حکومەت و ئەو لایەنە حکومییانەی کە گرێبەستیان لەگەڵیاندا هەیە، بەوەی کە شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج ناکرێت: "بەڵێندەران بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەرز و سکاڵا و دادگاکان بەجێهێڵراون".
بەشێک لە بەڵێندەران لە 15ى کانوونی یەکەم لە بەغدا خۆپێشاندانیان کرد بۆ ئەو پارانەی کە بەگوتەی ئەوان لەلای وەزارەتی داراییەوە نەیداونەتەوە، بەهۆیەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان پێداهەڵپژان دروست بوو.
ئەو سەندیکایە داوای لە سەرۆکوەزیران و وەزیری ناوخۆ کردووە سزای ئەو کارمەندە ئەمنییانە بدەن کە دەستدرێژییان کردووەتە سەر بەڵێندەران.
ئەو ناکۆکییەی نێوان بەڵێندەران لە عێراق و وەزارەتی دارایی دروست بووە، پەیوەستە بە کەمبوونەوە و کێشەی نەختینە.
عەلی سنافی، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، 30 تریلیۆن دیناری شایستەی دارایی بەڵێندەران لەلایەن حکومەتەوە خەرج نەکراوە، کە 1 تریلیۆن دیناری لە بودجەی وەبەرهێنان و 12 تریلیۆن دیناری لە بودجەی بەگەڕخستنە.
ئەو پارەیە بەشێکە لەو گرێبەستانەی کە بەڵێندەرانی عێراق لەگەڵ کەرتی حکومی کردوویانە لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، کە بودجەی 2023 و 2024 و 2025 دەگرێتەوە.
عەلی سنافی رایگەیاند، ئەو بڕە قەرزەی کە لەسەر حکومەت ماوە خەرج بکرێت، بەشێکە لە تێکڕای گرێبەستی بەڵێندەران، کە قەبارەکەی بۆ سێ ساڵ نزیکەی 200 تریلیۆن دینارە.
بەگوێرەی راگەیێنراوی ئەو یەکێتییە، خۆپێشاندانیان بەردەوام دەبێت و فراوان دەبێت بۆ ئەوەی بەڵێندەرانی سەرجەم پارێزگاکان بگرێتەوە، تاوەکو ئەوکاتەی شایستە داراییەکانیان بۆ خەرج دەکرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق لە 5ى کانوونی یەکەمی 2025، ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە ئاراستەی کراوە لەبارەی خەرجنەکردنی شایستە داراییەکانی بەڵێندەران و رایگەیاند، کە زیاتر لە 3 تریلیۆن دیناریان بۆ خەرج کراوە و یەکلاکردنەوەی خەرجکردنەکە لە دەست وەزارەتی پلاندانانە نەک وەزارەتی دارایی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ