یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوای 35 ساڵ وەستان، رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، یەکەم فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی وڵاتێکی ئەورووپا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا نیشتەوە. گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دەڵێ، عێراق گەڕایەوە سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا.
 
مەیسەم سافی، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، رۆژی سێشەممە، 16-12-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای زیاتر لە سێ دەیە، جارێکی دیکە عێراق گەڕایەوە سەر نەخشەی فڕۆکەوانیی ئەورووپا و فڕۆکەیەکی هێڵی گواستنەوەی نیشتمانیی یۆنان (Aegean Airlines) وەک یەکەم فڕۆکەی ئەورووپی لە فڕۆکەخانەی بەغدا نیشتەوە.
 
کۆمپانیای (ئیجیەن ئێەرلاینز) هەفتانە دوو گەشت لە نێوان بەغدا و ئەسینا دەکات. مەیسەم سافی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەر خواست لەسەر گەشتەکە هەبێت، ژمارەی گەشتەکان زیاد دەکرێن.
 
دەستپێکردنەوەی ئەو گەشتانە لە کاتێکدایە، پێشتر زۆرینەی گەشتیاران بۆ گەیشتن بە وڵاتانی ئەورووپا ناچار بوون لە رێگەی ئیستەنبووڵ، عەمان یان دەوحەوە گەشتبکەن.
 
گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، هێڵی ئاسمانیی عومانیش لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە گەشتەکانی بۆ ئەورووپا دەستپێدەکاتەوە.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی باڵیۆزخانەی عومان لە بەغدا، رۆژی 20-12-2025، هێڵی فڕۆکەوانیی عومان یەکەم گەشتی ئاسمانیی خۆی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداوە بۆ کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک دەکات. ئەو هێڵە هەفتانە دوو گەشتی راستەوخۆی لە نێوان بەغدا و کۆپنهاگن دەبێت.
 
رۆژی 30-10-2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و یۆرگۆس گراپێتریتیس، هاوتا یۆنانییەکەی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەغدا، دەستپێکردنەوەی گەشتی راستەوخۆی نێوان عێراق و یۆنانیان راگەیاند.
 
پێشتر و لە رۆژی 23-02-2025ـەوە، گەشتی راستەوخۆی نێوان فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و ئەسینا دەستیپێکرد کە ئێستا هەفتانە دوو گەشت دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پارەی دیناری عێراقی

بەڵێندەرانی عێراق: 30 تریلیۆن دینارمان لای حکومەتە

پاساوی کەمی نەختینە کێشەی لەنێوان بەڵێندەران و وەزارەتی دارایی عێراق دروست کردووە و بەهۆیەوە خۆپێشاندان دەکەن؛ بەگوێرەی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، حکومەت 30 تریلیۆن دیناریان قەرزدارە.