دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەسند کرد؛ پێکهێنانی حکومەت چۆن دەبێت؟

8 کاژێر له‌مه‌وپێش
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەکشەممە (14-12-2025) دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقی پەسند کرد، ئیدی پرۆسەی سیاسیی عێراق دەچێتە قۆناخێکی نوێ و سێ وێستگەی سەرەکی لەبەردەم پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتدان.
 
دارا سێکانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 14-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، بەگوێرەی دەستوور، نەخشەڕێگەی پێکهێنانی حکومەت بەم سێ قۆناخی سەرەکییەدا تێدەپەڕێ. قۆناخی یەکەم بریتییە لە یەکەم دانیشتنی پەرلەمانی عێراق و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان.
 
بەڕێوەچوونی دانیشتنەکە:
 
- دانیشتنەکە بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتار بەڕێوەدەچێ
 
- بەگوێرەی مادەی 50ی دەستوور، پەرلەمانتاران سوێندی دەستووریی دەخۆن.
 
- بەگوێرەی مادەی 55ی دەستوور، لە هەمان دانیشتندا سەرۆکی پەرلەمان و دوو جێگرەکەی بە دەنگدانی نهێنی و راستەوخۆ هەڵدەبژێردرێن و بۆ دەرچوون پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەها (50+1)ی کۆی ئەندامانی پەرلەمانە. 
 
دارا سێکانیانی، گوتی ئەگەر نەتوانرا لە یەکەم دانیشتنی پەرلەماندا سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، ئەوا دەکرێ دانیشتنەکە بە کراوەیی هەڵبگیرێ تاوەکو لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن.
 
بەگوێرەی نەریتی سیاسی دوای ساڵی 2003، پۆستی سەرۆکی پەرلەمان پشکی پێکهاتەی سوننەیە. 
 
لە قۆناخی دووەمدا هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق پێویستە و لە مادەی 72ی دەستووردا ئاماژە بەوەکراوە، دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، دەبێ لە 30 رۆژدا سەرۆککۆماری نوێ هەڵبژێردرێ.

میکانیزمی هەڵبژاردن:
 
-گەڕی یەکەم: بەپێی مادەی 70ی دەستوور، بەربژێر پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمانە (220 دەنگ لە کۆی 329 دەنگ).
 
-گەڕی دووەم: ئەگەر هیچ بەربژێرێک ئەو ژمارەیەی بەدەستنەهێنا، لە گەڕی دووەمدا کێبڕکێ لەنێوان ئەو دوو بەربژێرەدا دەکرێ کە زۆرترین دەنگیان هێناوە و هەرکامیان زۆرینەی دەنگەکان بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆککۆمار.
 
پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە.
 
قۆناخی سێیەم بریتییە لە دیاریکردنی گەورەترین فراکسیۆن و پێکهێنانی حکومەت.
 
بەگوێرەی مادەی 76ی دەستوور، سەرۆککۆماری نوێ لە 15 رۆژدا بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی رادەسپێرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.

کێشەی گەورەترین فراکسیۆن:

دادگای فیدراڵی لە ساڵی 2010 بڕیاریدا کە "گەورەترین فراکسیۆن" مەرج نییە ئەو لیستە بێت کە لە هەڵبژاردن یەکەم بووە، بەڵکو ئەو فراکسیۆنەیە کە دوای یەکەم دانیشتنی پەرلەمان پێکدەهێندرێ.
 
پێکهێنانی کابینە:
 
- بەربژێری راسپێردراو 30 رۆژی لەبەردەمدایە بۆ ئەوەی کابینەکەی و بەرنامەی کاری حکومەتەکەی پێشکێشی پەرلەمان بکات.
 
- دەنگدان لەسەر بەرنامەی کاری حکومەت و وەزیرەکان بە جیا (یەک بە یەک) دەکرێ و بۆ متمانە وەرگرتن پێویستیان بە دەنگی زۆرینەی رەهای (50+1) ئەندامانی ئامادەبووی پەرلەمانە.
 
- ئەگەر لەو ماوەیەدا نەیتوانی حکومەت پێکبهێنێت، سەرۆککۆمار لە 15 رۆژدا کەسێکی دیکە رادەسپێرێ.
 
ئەندامەکەی لیژنەی یاسایی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق دەڵێ، مەرج نییە هەموو پرۆسەکان لە وادەی دیاریکراوی دەستووری خۆیان بەڕێوەبچن و دەستوور وەک خۆی جێبەجێبکرێ. زۆربەی جار پێکهێنانی حکومەت و هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان دواکەوتووە، پێکهێنانی حکومەت لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراقدا نزیکەی ساڵێکی خایاند.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

بانکی رافیدەین 20 لقی دیکەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە خستەکار

بانکی رافیدەین دەڵێ، 20 لقی دیکەی خستووەتە نێو سیستمی پێشکەوتووی رووبەڕووبوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر، بەمەش دەبێتە یەکەمین بانکی عێراقی ئەو سیستمە بۆ چاودێریکردنی رۆژانەی مامەڵە بانکییەکان کارا دەکات.