رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەبارەی پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکە راگەیاند و جەختدەکاتەوە، کە رێگە نادەن خاک، ئاسمان و ئاوە هەرێمییەکانیان بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێک بەکاربهێندرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 15ی کانوونی دووەمی 2025، سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لەژێر رۆشنایی پەرەسەندنە خێراکانی ناوچەکە و ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر ئاسایش و سەقامگیری، عێراق پابەندە بە هەڵوێستە نەگۆڕەکەی کە رەتیدەکاتەوە وڵاتەکەی ببێتە شوێنی دەستپێکی هەر کارێکی سەربازی دژی وڵاتانی دیکە."
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم هەڵوێستەمان لەسەر بنەمای بڕگەکانی دەستووری عێراق و سیاسەتی حکومەتە، کە جەخت لەسەر رێزگرتن لە سەروەریی وڵاتان و دەستوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆیان دەکاتەوە."
سەباح نوعمان دەشڵێت، "عێراق بە تەواوی پابەندە بەوەی رێگە نەدات خاکەکەی ببێتە مەیدانێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ، یان پەلکێشکردنی وڵاتەکە بۆ نێو ململانێیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق نەکات."
حکومەتی عێراق داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، دانبەخۆیاندا بگرن و زمانی دیالۆگ پێش بخەن، هەروەها هەوڵە دیپلۆماسی و ئاشتییەکانیان بخەنەگەڕ بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بە جۆرێک کە ناوچەکە لە ئاڵۆزیی زیاتر و ناسەقامگیری بپارێزرێت.
ئەمە لەکاتێکدایە، چەند رۆژێکە باس لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەکرێت.
دۆخی ئێران ناجێگیرە و 18 رۆژ بەسەر دەستپێکردنی خۆپێشاندان و ناڕەزاییەکانی خەڵکی وڵاتەکەدا تێدەپەڕێت و هێزە ئەمنییەکان و خۆپێشاندەران لە چەندین پارێزگا رووبەڕووی یەکدی بوونەتەوە، هەفتەیەکە حکومەتی ئێران هێڵی ئینتەرنێت و تۆڕەکانی پەیوەندیی لەسەرانسەری وڵاتەکە بڕیوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی ئاژانسی چالاکڤانانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا)، لە سەرەتای ناڕەزایەتییەکانەوە دوو هەزار و 403 کەس کوژراون و زیاتر لە 18 هەزار و 400 کەسیش دەستبەسەر کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ