رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلاییکەرەوە بێت. گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، هێشتا نووری مالیکی بەربژێرە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوونیش دەڵێ، مالیکی لە دەرەوەی بابەتی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە.
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "نازانین کە بۆچوونی ئێستای ئەمریکا لەسەر بەربژێربوونی بەڕێز مالیکی چییە، بەڵام هێشتا ئەو بەربژێری سەرۆکوەزیرانە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگییەوە و هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە."
گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژە بەوەش دەکات، ئەوەی لای ئەوان گرنگی پێدەدرێ "هەڵوێستی فەرمیی حکومەتی ئەمریکایە؛" هەروەها دەشڵێت: "دەبێت رێز لە بڕیاری عێراقییەکان بگیرێ."
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، عەقیل فەتلاوی باسی لەوە کرد: "هیچ دڵنیاییەک نییە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بکرێ." بەڵام ئەحمەد ئەسەدی، کە یەکێکە لە ئەندامە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، بە رووداوی گوت، رۆژی چوارشەممە کۆبوونەوەکە دەکرێ و "ئەنجامی کۆبوونەوەکەش نادیارە."
هاوکات سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوون کە قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات، بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا مالیکی لە دەرەوەی بابەتی بەربژێرکردنە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران."
سەعد سەعدی ئاماژەی بەوەش کرد، هێشتا نازانرێ کێ بۆ پۆستەکە دیاری دەکرێ.
لەلایەکی دیکەوە، رەحیم عەبودی، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "بابەتی بەربژێرکردنی نووری مالیکی بووەتە رابردوو و پێشهاتی نوێ لە ناوچەکەدا هەیە و دەبێت بەرپرسیارانە بڕیار لەسەر ئەو پۆستە بدرێت."
11 رۆژ لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماوە بۆ یەکلاییکردنەوەی بەربژێرەکەی، تاوەکو بە فەرمی بدرێتە سەرۆککۆمار و ئەویش رایسپێرێ کە لە 30 رۆژدا حکومەتەکەی پێکبهێنێت کە شیعەکان تێیدا زۆرینە دەبن.
لە 12ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵدا، محەممەد شیاع سوودانی بۆ بەرژەوەندیی نووری مالیکی لە بەربژێربوونی بۆ سەرۆکوەزیران کشایەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی لەسەر ناوی مالیکی یان هەر کەسێکی دیکە نەکراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ