رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق داوا لە خوێندکارە نوێیەکانی دەکات پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بکەن، وەکو مەرجێک بۆ وەرگرتنیان لە خوێندنی باڵا بۆ ساڵی 2024 – 2025.
حەیدەر عەبد، بریکاری وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی عێراق، لە نووسراوێکدا داوا لە خوێندکارە نوێیەکان دەکات لەکاتی پێشکێشکردنی داواکاری بۆ زانکۆکان بۆ ساڵی 2024 - 2025، راپۆرتێکی پزیشکی پێشکێش بکەن کە بیسەلمێنێت دوورن لە بەکارهێنانی مادە هۆشبەر و کارتێکەرە دەروونییەکان.
لە نوسراوەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراقدا کە بۆ هەموو زانکۆکان گشتێندراوە، ئاماژە بەوە کراوە ئەم پشکنینە پزیشکییە لەسەر بنەمای رێنمایی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی سەر بە ئەنجوومەنی هەواڵگریی نیشتمانیی عێراق چەسپێندراوە.
بەپێی نووسراوەکە، دەبێت راپۆرتە پزیشکییەکە لەلایەن تاقیگەیەکی حکومیی متمانەپێکراوەوە بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی کە خوێندکارەکە مادە هۆشبەرەکان بەکارناهێنێت.

بەپێی ئەم رێکارە نوێیە، ئەو خوێندکارانەی کە دەیانەوێت درێژە بە خوێندن بدەن لە خوێندنی باڵا، ئەگەر ئەم راپۆرتە پێشکێش نەکەن، لە وەرگرتنیان بۆ ناو پرۆگرامی خوێندن رووبەڕووی کێشە دەبنەوە و داواکارییەکەیان بۆ وەرگرتن رەتدەکرێتەوە.
رۆژی 31-12-2023، عەمید میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا، ئامارەکانی ساڵی 2023ـی ئاشکرا کرد و رایگەیاند، لە ساڵی 2023ـدا دەیان بازرگانیان دەستگیرکردووە، لەنێویاندا 140 بازرگانی نێودەوڵەتی هەن. گوتیشی، وەزارەتەکەیان 16 سەنتەری شیاندنەوەی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەری هەیە.
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، عێراق لەنێو وڵاتانی جیهان لە پلەی 32دا دێت، کە مادەی هۆشبەریان تێدا بڵاوبووەتەوە و وەکو رێڕەوێک بەکاردەهێندرێت بۆ گەیاندنی بە وڵاتانی دیکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ