نەتەوە یەکگرتووەکان پڕۆگرامێکی 1.3 ملیار دۆلاری لە عێراق پەسند دەکات

15-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سندووقی سەوزی کەشوهەوا رەزامەندی لەسەر پڕۆگرامی عێراق بۆ کەشوهەوا دەربڕیوە کە تێچووەکەی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە. بەرپرسێکی وەزارەتی ژینگەی عێراق دەڵێت، پڕۆگرامەکە 18 پڕۆژەیە، پێنجیان لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 15ی ئایار، هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگەی عێراق رایگەیاند، "پڕۆگرامەکە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوایە و سەرجەم پارێزگاکانی عێراق دەگرێتەوە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە".
 
یوسف موئەیەد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا لە وەزارەتی ژینگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆگرامەکەی عێراق پێنج ساڵەیە و کۆمەڵێک پڕۆژەی جیاواز لەخۆدەگرێت، کە وەزارەتەکانی کشتوکاڵ، شارەوانی، سەرچاوە ئاوییەکان و چەند دەستە و بەڕێوەبەرایەتییەکی دیکە تێیدا بەشدار دەبن."
 
یەکێک لە پڕۆژەکان، بە گوتەی موئەیەد "چاندنی دار و دروستکردنی پشتێنی سەوزە لە پارێزگاکاندا."
 
یوسف موئەیەد گوتی، "ئێمە پڕۆژەکانمان بۆ سندووقەکە پێشنیاز کردووە، کە پێویستی بە گوژمەی 1.3 ملیار دۆلارە، بۆئەوەی بودجەکەمان بۆ دابین بکەن، ئەوانیش رەزامەندییان بۆ پڕۆگرامەکەمان دەربڕیوە، بەڵام دیار نییە ئاخۆ سەرجەم ئەو پڕۆژانەی پێشنیازکراون قبووڵ دەکرێن یاخود نا."
 
بڕیارە مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، شاندێکی سندووقەکە سەردانی عێراق بکەن، ئەوکات "بڕیاری کۆتایی لەسەر دەدەن."
 
سندووقی سەوزی کەشوهەوا - GCF، سەر بە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە و ساڵی 2010 دامەزراوە. کاری سندووقەکە تایبەتە بە چالاکییەکانی کەشوهەوا و لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە