رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق بڕی گومرگی سەر دەرمان راست دەکاتەوە، کە بەگوێرەی نووسراوی راستکردنەوەکە، لەبرى 0.5% رێژەی گومرگەکە 5% نووسراوە، کە جیاوازییەکەیان نزیکەى 10 ئەوەندە بووە، بەگوێرەى سەندیکای دەرمانسازانى عێراق بەو رێکارە نرخی دەرمان وەک خۆی دەمێنێتەوە.
نووسراوەکە لەلایەن حەمید غزی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 14ـی کانوونی دووەمی 2026 دەرچووە، تێیدا هاتووە، لە نووسراوی پێشوودا 5% وەک گومرگی سەر بەرهەمەکانى دەرمانسازیى دانرابوو، بەڵام ئێستا راستکراوەتەوە بۆ رێژەی 0.5%.
ئەو پێناسە گومرگییە نوێیە بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بوو لە ساڵی 2025، کە لە یەکی کانوونی دووەمی ئەم ساڵەوە کەوتە بواری جێبەجێکردن. دیاریکردنی رێژەی 5% بۆ بەرهەمەکانى دەرمانسازى، ناڕەزایەتیی سەندیکای دەرمانسازانی عێراقى لێکەوتبووەوە.
لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2025، سەندیکای دەرمانسازانی عێراق لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، پێناسی گومرگی لەسەر دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و ئەو مادانەی بۆ پیشەسازیی دەرمان بەکاردەهێنرێن، کراوەتە 10 ئەوەندەی بڕی پێشوو.
د. محەممەد شێخان، گوتەبێژی سەندیکای دەرمانسازانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوای راستکردنەوەکە، رێژەی گومرگی سەر دەرمان لە سیستمی گومرگدا چاککراوە و نرخی دەرمان وەک پێشووی دەمێنێتەوە."
پێناسی گومرگیی نوێ بۆ زیادکردنی داهات بوو لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، کە گومرگی سەر هەندێ کاڵا زیادکرابوو.
د. محەممەد شێخان رایگەیاند، لەماوەی 14 رۆژی بەر لە راستکردنەوەی نووسراوەکە، بڕێکی کەم دەرمان هاوردە کراوە کە ئەو 5%ـە گومرگەی گرتووەتەوە، بەر لەوەی راست بکرێتەوە.
ئەوەی پەیوەندیدار بێت بە کاڵای تەندروستی، تەنیا گومرگی پێداویستیی پزیشکی لە 4% زیاد کراوە بۆ 5% کە ئەویش دەرمان ناگرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ