رووداو دیجیتاڵ
سەید هادی سیستانی، برای ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق کۆچی دواییکرد و سەرۆک کۆماری عێراقیش پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی مەرجەعی باڵا کرد.
بەگوێرەی زانیارییەکان، سەید هادی سیستانی، کە برا بچووکی، عەلی سیستانییە، یەکێک بوو لە مامۆستایانی حەوزەی عیلمی، دەمێک بوو نەخۆش کەوتبوو، ئەمڕۆ هەینی لە نەخۆشخانەیەکی شاری قوم کۆچی دواییکردووە.
پێشتر و لە رۆژی 23-12-2025 ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە نامەیەکدا بۆ براکەی، نیگەرانی خۆی لە تێکچوونی دۆخی تەندروستی سەید هادی دەربڕیبوو و تێیدا نووسیبووی: "هەواڵی نەخۆشکەوتنتان بووە هۆی نیگەرانی و دڵتەنگی ئێمە، لەم رۆژانەدا بەردەوام پرسیاری تەندروستیم کردووە و دوعای چاکبوونەوەتان بۆ دەکەم."
شیعەکان لە وەسفی سەید هادی سیستانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویانە، "سەید هادی سیستانی، زانایەکی ئایینی دیاری شیعە و کەسایەتییەکی ناسراوی شاری نەجەف بوو. بە سادەیی و بێفیزی ناسرابوو و رۆڵێکی دیاری هەبوو لە پاراستنی عەقیدە و مەزهەبدا."
هەروەها دەڵێن: "سەید هادی خاوەنی پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی بەرز بوو، بە تایبەتی بەهۆی مەجلیسە حوسێنییەکان کە بە شین و گریان ناسرابوون، هەروەها هەڵوێستە روونەکانی لە دژی بەکارهێنانی دەستەواژەی سۆفیگەری" لەنێو مەجلیسە حوسێنییەکاندا، رێزێکی زۆری لێ دەگیرا."
د. لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئەمڕحۆ هەینی 16-1-2026 پەیامێکی سەرەخۆشی ئاراستەی ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی کرد.
لە پەیامەکەی سەرۆک کۆماردا هاتووە: "بە داخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا سەید هادی حوسێنی سیستانیمان پێگەیشت. کۆچکردوو زۆربەی ژیانی بۆ خزمەتی ئایین و زانست تەرخان کردبوو و لەسەر دەستی زانایانی گەورە وانەی خوێندبوو."
سەرۆککۆمار لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە کە سەید هادی جێ پەنجەی زانستیی لە ناوەندە ئایینی و حەوزەکاندا دیارە و داوا لە خودا دەکات سەبر و ئارامی بە خانەوادەی سیستانی ببەخشێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ