رووداو دیجیتاڵ
یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیرانی داهاتوو، چاوەڕێی بڕیارێکی زۆرینەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە. کۆبوونەوەی جیاجیای سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییە بۆ هەبوونی بڕیارێکی نوێ لەو بارەیەوە ئەنجامدراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو کە لە چەند سەرچاوەیەکی بەرپرسی لایەنە پێکهێنەرەکانی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەستی کەوتوون، چەند رۆژێکە کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێقۆڵی لەنێوان هەندێک لە سەرکردەکانی ئەو هاوپەیمانییە ئەنجام دراوە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی مانەوەى نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا وەک بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران یان گۆڕینى بە بەربژێرێکى دیکە.
یەکێک لە سەرچاوەکانی رووداو گوتی: "گفتوگۆکان ئەو لایەنانەشی گرتووەتەوە کە لە دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیین."
شەوی 17ی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دژی گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هۆشداری دا و گوتی: "ئەگەر مالیکی هەڵبژێردرێتەوە، ئەوا ئەمریکا چی دیکە یارمەتیی عێراق نادات."
ئەو هەنگاوە، هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دوودڵ کردووە لە بەردەوامبوون لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی، هەرچەندە لیستەکەی رژدە لەسەر مانەوەی وەک بەربژێر.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە و ئەندامی شاندی رەوتەکە بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "جیدییەتێک لە هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی بەربژێرکردنی سەرۆکوەزیران، ئەگەر ئەوە بە بڕیارێکی نوێش بێت."
بەگوێرەی دەستوور، دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، بەربژێری نوێی سەرۆکوەزیران رادەسپێردرێ بۆ پێکهێنانی حکومەت.
عەقیل رودێنی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەم دوو رۆژەدا کۆبوونەوەیەکی یەکلاییکەرەوە لەبارەی پرسی سەرۆکوەزیران دەکات."
لە 24ی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" بڕیاریان دا نووری مالیکی وەک بەربژێری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دیاری بکات.
رەوتی حیکمە و عەسائیبی ئەهلی حەق لەنێو هاوپەیمانییەکەدا دەنگیان بە بەربژێربوونی نەدا.
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "مانەوەی نووری مالیکی وەک بەربژێر پەیوەستە بە بێهێزیی بەربژێرەکانی دیکە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کە وەک جێگرەوە ناویان دەهێندرێت، چونکە هیچ کامیان رەزامەندیی زۆرینەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر نییە."
نۆ بەربژێر لەبەردەم هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بوون بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران؛ نووری مالیکی، محەممەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی دیارترینیان بوون.
ئەبو میساق مەساری گوتی: "مالیکی خۆی ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر زۆرینەی هاوپەیمانیی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە زیاتر لە شەش ئەندامە، دەنگ بۆ گۆڕینی بدەن، دەکشێتەوە."
ئەم کۆبوونەوانە لە کاتێکدان، رۆژی 13-2-2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەوان خوێندنەوە بۆ پرسی سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن و ئاماژە بەوەش دەکات، هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران، دەبێت لەگەڵ ئەمریکا کاربکات.
دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو لە ترەمپی پرسی کە ئایا هێشتا ڤیتۆی لەسەر گەڕانەوەی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە، سەرۆکی ئەمریکا لە وەڵامدا گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری [پرسی] سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێ بیرۆکەمان لەو بارەیەوە هەیە، بەڵام بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە. هەموو کەسێک پێویستی پێمانە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ