پەیکەری حەشدی شەعبی پشێوی دەخاتە پەرلەمان؛ کورد و سوننە کۆبوونەوەیان بەجێهێشت

16-07-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

زیادکردنی بڕگەیەک بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق، لەبارەى حەشدی شەعبی، سوننەکان و کوردی نیگەرانکرد و کۆبوونەوەکەیان بەجێهێشت، بەڵام پەرلەمانتارانی ئامادەبوو کە زۆرینە شیعە بوون، خوێندنەوەی دووەمیان بۆ پڕۆژەکە کرد، وەک هەنگاوی بەر لە پەسندکردنی.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ی تەممووزی 2025، کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق پشێوی تێکەوت، بەهۆی زیادکردنی بڕگەیەک کە خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ پڕۆژەیاسای پەیکەری حەشدی شەعبی.
 
لە کاتی زیادکردنی ئەو بڕگەیە، پەرلەمانتارانی کورد و سوننە وەک دەربڕینی ناڕەزایی چوونە دەرەوە.
 
موسەننا ئەمین، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان، نوێنەری فراکسیۆنەکان و سەرۆکایەتیی پەرلەمان کۆبوونەوەیان کردبوو لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆ کرابوو، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمان، لەگەڵ ئەوە نەبوو کە ئەو بڕگەیە زیادبکرێت، بە پاساوی هەستیاریی پڕۆژەیاساکە، رێککەوتن نەکرابوو بۆ ئەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ ئەو پڕۆژەیە بکرێت".
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، کورد داوای کردووە پرسی مووچە بۆ دانیشتنەکە زیادبکرێت، لەپاڵ زیادکردنی بڕگەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیکەری حەشدی شەعبی، بەڵام رێککەوتنی لەسەر نەکراوە.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی پەرلەمان، موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان کە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەی دەکرد، زیادکردنی ئەو بڕگەیەی بۆ کارنامەکە خستە دەنگدانەوە.
 
موسەننا ئەمین گوتی: "دەنگدانەکە بۆ زیادکردنی ئەو بڕگەیە بەخێرایی کرا، لەو کاتەدا پەرلەمانتاران هاتنە دەرەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بەردەوام بوو".
 
خشتەی کاری کۆبوونەوەکە، بەر لە زیادکردنی خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەیکەری حەشدی شەعبی، 6 بڕگە بوو؛ دووانیان دەنگدان بوو بە پڕۆژەیاسا و چوارەکەی دیکە خوێندنەوەی دووەم بوو بۆ چوار پڕۆژەی دیکە.
 
شەریف سلێمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە رووداوی گوت: "رێککەوتنی پێشوەختە نەبوو لەسەر زیادکردنی ئەو بڕگەیە، کە لەناکاو زیاد کرا، ئەوەش ناڕەزایی لێکەوتەوە، بەڵام هەندێک لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە دۆخەکەیان قۆستەوە بۆ زیادکردنی بڕگەکە".
 
تووندترین ناڕەزایەتی لەلایەن پەرلەمانتارانی سوننەوە بوو لەبارەی زیادکردنی بڕگەی خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای پەیکەری حەشدی شەعبی، کە شیعەکان داوای تێپەڕاندنی دەکەن.
 
فراکسیۆنی تەقەدووم لە پەرلەمان، کە یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانی سوننە، لە راگەیێندراوێکدا شێوازی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان و "پابەندنەبوون بە کارنامەکانی" رەتدەکاتەوە، بەتایبەت  ئەوەی پەیوەندیدارە بە "زیادکردنی بڕگەکان بەبێ سازانی سیاسی".
 
یەحیا محەممەداوی، گوتەبێژی فراکسیۆنی تەقەدووم لە راگەیێنراوێکدا دەڵێت، "بڕیارمانداوە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەین تاوەکو ئەو کاتەی پابەندبوونی تەواو دەبێت بە خشتەی کاری کۆبوونەوەکانى".
 
پڕۆژەیاسای پەیکەری حەشدی شەعبی، جێگرەوەی یاسای پێکهێنانی ئەو دەستەیەیە کە لە ساڵی 2016 دەرکرا، بۆ ئەوەی رەوایەتیی یاسایی پێ بدرێت.
 
دارا سێکانیانی، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند: "بۆ زیادکردنی هەر بڕگەیەک، دەبێت واژۆی 50 پەرلەمانتار کۆبکرێتەوە و دەنگی پێویست بۆ زیادکردنی بەدەستبهێنێت".
 
پەرلەمانتارانی شیعە لەنێو کۆبوونەوەی پەرلەمان مانەوە، کە تێیدا خوێندنەوەی دووەمی پڕۆژەیاسای پەیکەری حەشدی شەعبی کرا.
 
موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمان، لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، "خوێندنەوەی دووەممان بۆ پڕۆژەیاساکە کرد و بڕیارمان دا کە تێبینییەکانی ئەندامانی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لەبەرچاو بگیرێت، بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی پێویستی تێدا بکرێت، تاوەکو دوای داڕشتنەوەی بدرێتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان، بۆ ئەوەی بیخاتە دەنگدانەوە".
 
پڕۆژەیاساکە لە 18 مادە پێكهاتووە، 25ـی شوباتی 2025 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق پەسندی کرد و لە 24ی ئادار، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرد.
 
لەو پڕۆژەیاسایەدا، حەشدی شەعبی وەک بەشێک لە هێزە چەکدارەکانی عێراق پێناسە کراوە و بەستراوەتەوە بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە. دەبێت هاوکاری لەگەڵ وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ و دامەزراوەکانی دیکەش هەبێت. سەرۆکی دەستەکە باڵاترین دەسەڵاتە و بەرپرسە لە کێشانی سیاسەتی کارکردنی دەستەکە و چاودێریی چالاکییەکانی دەکات.
 
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە