پارێزەرێک لەبارەی سکاڵاکەی دژی دادگەی فیدراڵیی عێراق: بنەما یاساییەکانی تێدایە

16-08-2023
شیراز رەئوف
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئازاد دۆسکی، پارێزەری راوێژکار
گفتوگۆی رووداو لەگەڵ ئازاد دۆسکی، پارێزەری راوێژکار
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەرێک لە هەرێمی کوردستان سکاڵا دژی دادگەی فیدراڵیی عێراق، سەرۆککۆمار و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار دەکات و لە سکاڵاکەیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی دادگەکە دەکات. بەگوتەی خۆی، سکاڵاکەی هەموو بنەما یاساییەکانی تێدایە و ئەنجامەکەی سەنگی مەحەکە بۆ رادەی سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق.
 
ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی، پارێزەری راوێژکار لە بەرنامەی 'رووداوی ئەمڕۆ' کە نوێنەر فاتیح پێشکیشی دەکات، گوتی: سکاڵاکەم لەسەر دادگەی فیدراڵی پشتبەستووە بە بنەما یاسایی و دەستوورییەکان، چونکە دادگەی فیدراڵی ئێستا رۆڵی حکومەت دەبینێت لە عێراقدا و ئەو بڕیارانەی دژی هەرێمی کوردستان دەریکردوون لە ماوەی رابردوودا بڕیاری "نایاسایی و نادەستووریی" بوون.
 
گوتیشی: ئەگەر سەرکەوتووبم لەو سکاڵایەدا، کەواتە دەبێت دادگەی فیدراڵی لە ساڵی 2005ەوە هەر بڕیارێکی دەرکردووە هەڵبووەشێتەوە، بە خودی دادگەکە خۆشیەوە، چونکە بڕیاری دروستکردنی دادگەکە و هەموارکردنەوەی یاساکەی لە ساڵی 2021دا نادەستوورییە و پێچەوانەی بنەما یاسایی و دەستوورییەکانە. 
 
ئەو پارێزەرە کە سکاڵاکەی دژی هەریەک لە لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق تۆمار کردووە، لە سکاڵانامەکەیدا کە ژمارە 135ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، داوا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات بڕیار بە نادەستووریبوونی هەمواری یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2021ـی هەمواری یەکەمی فەرمانی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی بدات.
 
یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005، بەپێی مادەی 44ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی گواستنەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکراوە. 
 
یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی گواستنەوەدا یەکێکە لەو یاسایانەی تایبەت بوو بە قۆناخی دوای دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 و بە یاسای بەڕێوەبردنی کاتی و یاسای برێمەر دەناسرێت، لە مادەی 44ـی یاساکە باس لە دامەزراندنی دادگەیەک بە ناوی دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە، ئەو یاسایە بەپێی مادەی 62، تاوەکو پەسندکردنی دەستوور و پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو کاتی عێراق کاری پێدەکرێت. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە