رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەهۆى تێبینى سوننەکانەوە دوادەکەوێت. بەگوتەى بەشێک لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى، داوا لە هاوپەیمانیى سەروەرى کراوە کە بەربژێرێکى دیکە پێشکێش بکەن بۆ ئەوەى جێگەى محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکایەتیى پەرلەمان بگرێتەوە. یەکێک لەو بەرپرسانە دەڵێت، "ئەگەر پۆستەکە بدرێتەوە بە فراکسیۆنى تەقەدووم، زیاد جەنابى بەهێزترین بەربژێرە".
16ى تشرینى دووەمى 2023، فەهد جبوورى، ئەندامى دەستەى گشتى رەوتى حیکمە کە یەکێکە لە پێکهێنەرانى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت:"دواکەوتنى کۆبوونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت بەهۆى چاوەڕوانیکردنى هەڵوێستى لایەنە سوننەکانە لە بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەدا".
ئەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەى هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە کاتێکدایە، 14ـی تشرینى دووەمی 2023، دادگەى باڵاى فیدراڵیی عێراق لەسەر سکاڵایەکى لەیس دلێمى، ئەندامێتى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق هەڵوەشاندەوە.
عەلى دیفاعى، گوتەبێژى ئەنجومەنى باڵاى ئیسلامیى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "چوارشەممە، 15ى تشرینى دووەم کۆوبونەوەیەکى هاوپەیمانى بەرێوەبردنى دەوڵەت کراوە، بەڵام ئەنجامەکەى رانەگەیێندرا"
بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو بڕیار بوو ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆبوونەوەیەکى دیکەى ئەو هاوپەیمانێتیە بکرێت،بەڵام پرسى بڕیارى دادگەى باڵاى فیدڕاڵى لەدژى محەمەد حەلبووسی ناکۆکى لەنێوان لایەنە سوننە و شیعەکانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت دروستکردووە و ئەو کۆبوونەوەیە دوا دەخات.
حەسەن بەهادلى، ئەندامى دەستەى گشتى هاوپەیمانیى نەسر ئەمڕۆ پێنجشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "دواکەوتنى ئەو کۆبوونەوەیە بەهۆى ئەوەیە لایەنە سوننەکانى هاوپەیمانیى سەروەرى یەکلایی نەبوونەتەوە لە بەشداریکردن یان بەشدارینەکردن لە کۆبوونەوەکەدا".
هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت پێکھاتووە لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە شیعەن، پارتى دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە کوردستانین، هاوپەیمانیى سەروەرى عەزم کە سوننەن، بابلیون کە کریستیانە. ئەوان لایەنە سەرەکییەکانى پێکهێنەرى حکومەتى ئێستاى عێراقن.
حەسەن بەهادلی گوتی، هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى داوای لە لایەنە سوننەکان کردووە کە لەسەر ناوێک رێکبکەون تاوەکو جێگەى حەلبووسی بگرێتەوە، بەڵام ئەو پرسە یەکلایی نەبووەتەوە.
هاوپەیمانیى سەروەرى لە هەردوو پارتى سەروەرى و تەقەدووم پێکهاتووە کە پێکەوە زیاتر لە 70 ئەندامیان لە پەرلەمان هەیە.
ئەبو میساق مەسارى، ئەندامى مەکتەبی سیاسیى رێکخراوى بەدر رۆژی پێنجشەممە، 16-11-2023، بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، چوارچێوەى هاوئاهەنگى چەند رۆژێکى داوە بە هاوپەیمانیى سەروەرى تاوەکو بەربژێرێک پێشکێش بکەن بۆ ئەوەى ببێتە سەرۆکى نوێى پەرلەمان لەبرى محەممەد حەلبووسی.
ئەبومیساق مەسارى گوتیشى، "هێشتا ئەو پرسە لەنێو هاوپەیمانیى سەروەرى یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەوەش هۆکارى دواکەوتنى کۆوبونەوەى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەتە. ئەگەر ئەو پۆستە بۆ هاوپەیمانیى عەزم بێت بەربژێریان دیار نییە، بەڵام ئەگەر بدرێتەوە بە تەقەدووم، زیاد جەنابی دیارترین بەربژێرە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ