دوو فراکسیۆنى ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەیانەوێت متمانە لە پارێزگار وەربگرنەوە

17-01-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

واژۆنەکردنی گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى نەینەوا لەلایەن پارێزگارەوە، هەوڵى وەرگرتنەوەی متمانەى پارێزگارى لەلایەن بەشێک لە فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای لێکەوتووەتەوە. بەڵام ئەندامانی کورد بڕیاریانداوە لەو بابەتە بێ لایەن بن.
 
بە گوێرەى ئەو زانیارییانەى کە لە چەند سەرچاوەیەکى نەینەواوە دەست تۆڕى میدیایی رووداو کەوتوون، فراکسیۆنی عەقدى نیشتمانى کە ئەحمەد حاسوود، سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگا سەرۆکایەتى دەکات لەگەڵ فراکسیۆنی بابلیوون هەڕەشەى ئەوەیان لە عەبدولقادر دەخیل، پارێزگارى نەینەوا کردووە، ئەگەر گۆڕانکارییە کارگێڕییەکانى ساڵى رابردوو جێبەجێ نەکات، لە ئەنجوومەنى پارێزگا متمانەى لێ وەردەگرنەوە. 
 
ئەو دوو فراکسیۆنە نزیکن لە هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعە. 
 
2ى تەممووزى 2024 ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا 17 گۆڕانکاری لە بەرپرسانی یەکە کارگێڕییەکاندا کرد، بەشێکیان لادران و کەسانى دیکە خرانە جێگەیان، هەندێکى دیکەیان پۆستەکانیان چۆڵ بوو، پڕ کرانەوە. 
 
ئەو هەنگاوە رووبەڕووى ناڕەزایی هەردوو فراکسیۆنى نەینەواى یەکگرتوو، پارتى دیموکراتى کوردستان بووەوە، بەهۆیەوە گۆڕانکارییەکان راگیران و پارێزگار واژۆى لەسەر نەکرد.
 
بەگوێرەى زانیارییەکان، هاوپەیمانیى نەینەواى یەکگرتوو لە ئەنجوومەنى پارێزگا بە بەرەکەى دیکەى راگەیاندووە رێگرى لە وەرگرتنەوەى متمانە لە پارێزگار دەکەن.
 
محەممەد کاکەیی، سەرۆکى فراکسیۆنى یەکێتى نیشتمانى کوردستان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى نەینەوا بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "تاوەکو ئێستا فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەرامبەر ئەو هەوڵە بۆ کشاندنەوەى متمانە لە پارێزگار هەڵوێستێکى دیاریکراویان نییە لە نێوان دوو بەرەکەدا."
 
بۆ چارەسەى ئەو پرسە، پێشنیازکراوە بە گوێرەى رێژەى سەدیى کورسیی فراکسیۆنەکان لە ئەنجوومەنی پارێزگا، لایەنەکان پشکیان لەو پۆستانە پێبدرێت، بەڵام فراکسیۆنەکان لەسەر دابەشکردنى پشکەکانیان رێکنەکەوتن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە