رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیێندراوێکدا وەڵامی هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو دەداتەوە و دەڵێت: "جێبەجێکردنی پەیڕەوی وەزاری و بەرنامەی حکومی لە ماوەیەکی دیاریکراودا گەیشتووەتە 76. داواکارییە رەواکانی ئێوەش بە گوێرەی یاسا و دەستوور جێبەجێ دەکەین".
رۆژی هەینی، 17ـی کانوونی دووەمی 2025، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لە راگەیێنداوێکدا بۆ هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو گوتی: "12ـی ئەم مانگە پەیامێکی ئێوەمان پێگەیشت کە تێیدا باس لە رێککەوتنی سیاسی و گرنگیی پابەندبوون پێوەی دەکەن. ئێمە وەک هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دووپاتی رێز و پێزانینمان دەکەینەوە بۆ سەرجەم پێکهاتەکانی گەلی عێراق."
ئەو هاوپەیمانییە دەڵێ، "رژدین لەسەر جێبەجێکردنی رێککەوتنی سیاسی، پەیڕەوی وەزاری و بەرنامەی حکومی لە ماوەیەکی دیاریکراودا کە ئێستا جێبەجێکردنی گەیشتووەتە 76٪ و بەردەوامیش دەبین تاوەکو کۆتاییهاتنی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمان و حکومەت. ئەمەش یەکەمجارە روودەدات کە لیژنەیەکی تایبەت چاودێری جێبەجێکردنی رێککەوتنەکان دەکات."
هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت ئاماژە بەوە دەکات کە "ئەو خاڵانەی ئاماژەتان پێکردوون پەیوەستن بە داواکارییە رەواکانتان، ئێمەش دووپاتی دەکەینەوە ئەوانە بەگوێرەی یاسا و دەستوور جێبەجێدەکرێن، داواش لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکە دەکەین کە سەر بە هاوپەیمانیێتیی بەڕێوەبردنی دەوڵەتن، بەرپرسیارییەتی لە ئاست ئەم بابەتەدا بگرنە ئەستۆ."
رۆژی 16ـی ئەم مانگە، هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو داوای لە هێزەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کرد رێککەوتنە سیاسییەکان جێبەجێ بکەن.
لە راگەیێندراوەکەی هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوودا هاتووە: "نوێنەرانی پێکهاتەی سوننە لە هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت چەندین جار ئەوەیان باسکردووە کە زۆرێک لە بڕگەکانی رێککەوتنی سیاسی هاوپەیمانێتییەکە جێبەجێ نەکراون، کە ئەوەش کەلێنی خستووەتە بناخەی هاوبەشی و ئەو بەڵێنانەی پێش پێکهێنانی حکومەت پێمان دران."
هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو باسیان لە داواکارییەکانیان کردووە و دەڵێن: "ئەو داواکارییانەی ئێمە لە کاخەزی رێککەوتنی سیاسی کە لەسەر بنەمای ئەوانە بەشداریمان لە هاوپەیمانی پێکهێنانی حکومەت کرد بریتیین لە تێپەڕاندنی پڕۆژەیاسای لێبووردنی گشتی، گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنی خۆیان دوای تەواوبوونی وردبینیی ئەمنی، کۆتاییهێنان بە دۆسیەی لێپرسینەوە و دادپەروەری و گۆڕینی بۆ دۆسیەیەکی یاسایی بۆ دامەزراوە یاساییەکان، بەدیهێنانی هاوسەنگی لە دامەزراوە حکومییەکان کە تێیاندا مافی سوننە وەکو هاوبەشێکی دەوڵەت پارێزراوبێت."
هاوپەیمانیی سەرکردایەتیی سوننەی یەکگرتوو پێکدێن لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانی سیادە؛ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم؛ ئەحمەد جبووری، سەرۆکی حیزبی جەماوەر و زیاد جەنابی، سەرۆکی کوتلەی دەستپێشخەری.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ