رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی مانگێک بەسەر وادەی دەستووریی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تێپەڕیوە، بەڵام لە بەغدا هێشتا دووکەڵی سپی لە پەرلەمانەوە بەدی ناکرێت. ئەگەر لە دەرگای هەر لایەنێکی شیعە بدەیت و بپرسیت هۆکاری ئەم دواکەوتنە چییە؟ یەکسەر پەنجەی تۆمەت بۆ لایەنە کوردییەکان رادەکێشن.
چەقەبەستوویی سیاسی لە بەغدا گەیشتووەتە لووتکە و بنبەستەکان خەریکە هەموو دەرگاکان دادەخەن. لایەنە شیعەکان بە ئاشکرا تۆپەکە دەهاوێژنە گۆڕەپانی کورد و دەڵێن بەربەستی سەرەکیی بەردەم پێکهێنانی حکومەتی نوێ، کێشەی نێوان هەولێر و سلێمانییە لەسەر کورسییەکەی کۆشکی سەلام.
مەنسور بعێجی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان: "پەرلەمانی عێراق بەڕوونی پێشێلی دەستووری کردووە، هۆکارەکەش کاندیدی دوو حیزبە کوردییەکەن. ئەوان بەرپرسیارێتییەکە هەڵدەگرن. بەڵام دەستوور کە دەڵێت لە ماوەی 30 رۆژدا پەرلەمان سەرۆککۆمار هەڵدەبژێرێت، هیچی دیکەی نەگوتووە دەربارەی ئەوەی ئەگەر پرۆسەکە دواکەوت چ سزایەکی یاسایی دەبێت، هیچ حوکمێکی بۆ پەرلەمان دانەناوە."
ئەم لێدوانانە تەنیا گوزارشت لە کات کوشتن ناکەن، بەڵکو قووڵیی ناکۆکییەکان نیشان دەدەن. لە لایەک باس لە پێشێلکاریی دەستووری دەکرێت و لە لایەکی دیکەشەوە، گومان لە نییەتی لایەنەکان دەکرێت سەبارەت بە دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان. کوردیش دەڵێت: "ئێمە تەنها پاساوین."
چیمەن بارزانی، پەرلەمانتاری پارتی راگەیاند،"ئەوان لە راستیدا چاوەڕێی ئێمە ناکەن وەک ماڵی کوردی، بەڵکو تەنیا وا خۆیان پێشان دەدەن. مەبەستی سەرەکییان ئەوەیە لە نێوان خۆیاندا رێبکەون لەسەر مانەوەی نوری مالیکی یان گۆڕینی، کێشە ئەسڵییەکە لەوێیە نەک لای کورد."
لەکاتێکدا لایەنەکان خەریکی تۆمەتبارکردنی یەکترین، هەموو چاوەکان لەسەر دادگەی فیدراڵییە. دادگەکە هێشتا وەڵامی نووسراوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی نەداوەتەوە کە داوای لێکردبوون رای یاسایی خۆیان بڵێن؛ ئایا پەرلەمان دەتوانێت لەژێر سایەی ئەم پێشێلکارییە دەستوورییانەدا بەردەوام بێت یان نا؟
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ