ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراق واژۆ بۆ لادانی باڵیۆزی ئەمریکا کۆدەکەنەوە

17-05-2024
دلێر سابیر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ لادانی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستەکەی. تائێستا زیاتر لە 60 واژۆ کۆکراوەتەوە. 
 
رۆژی پێنچشەممە 16ـی ئایار، یاسر حوسەینی، پەرلەمانتاری عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەندامانی پەرلەمانی عێراق سەرقاڵی کۆکردنەوەی واژۆن بۆ لابردنی ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پۆستەکەی و گۆڕینی بە کەسێکی دیکە، لەبەر دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق." 
 
حوسەینی گوتی، "هەر یەک لە ئەندامانی پەرلەمانی عێراق، بۆ ئەم مەبەستە یوسف کیلابی و حەسەن سالم داواکارییان پێشکێشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کردووە. خەریکی کۆکردنەوەی واژۆن لە ناو پەرلەمان. خۆم یەکێک لەوانەم کە واژۆم لەسەر ئەم داواکارییە کردووە."  
 
حوسەینی جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق دەوڵەتێکی ئیسلامییە و خاوەن کولتوور، ناسنامە و بنەمای رەوشتی تایبەتی خۆیەتی. دەستوەردانی باڵیۆزی ئەمریکا لەم کارانە گونجاو نییە بۆ پێگەی خۆی. هەروەها دەستوەردانێکی قبووڵکراویش نییە لە کاروباری ناوخۆیی عێراق."      
 
شەممە 27ی نیسانی 2024 پەرلەمانی عێراق دەنگی بە پڕۆژەیاسای پێشنیازی یەکەمی یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی دا. بەپێی هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی لەشفرۆشی، ژمارە 8ی ساڵی 1988، هاوڕەگەزخوازى بە تاوان دادەنرێت و هەرکەسێک پەیوەندییەک دروست بکات کە بچێتە چوارچێوەى "لادانى سێکسى" سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی و لەسێدارەدان دەبێت.
 
بەپێی ئەم پڕۆژەیاسایە، سزاى بانگەشەکردنیش بۆ هاوڕەگەزخوازى بەندکردنە، کە لە حەوت ساڵ کەمتر نەبێت، ئەوەش جگە لە سزاى پێبژاردن کە بڕەکەى لەنێوان 10 بۆ 25 ملیۆن دینارە.
 
دوابەدوای ئەم کۆبونەوەیەی پەرلەمان و لە هەمان رۆژدا، ئەلینا رۆمانۆوسکی بە تووندی رەخنەی لە یاساکە گرت. لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی، "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر نیگەرانە لەو یاسایانەی کە ئەمڕۆ لەلایەن پەرلەمانەوە دەرچوون کە هەڕەشە لە مافە پارێزراوەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی دەستوور دەکات." 
 
رۆمانۆوسکی، جەختی لەوە کردەوە "ئەم کارە هەڕەشە لەو کەسانە دەکات کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە لە کۆمەڵگەی عێراقدا. ئەم یاسایە دەکرێت بەکار بهێندرێت بۆ زیاتر بەرتەسککردنی ئازادی رادەربڕینی کەسی و رێگریکردن لە کارەکانی رێکخراوە ناحکومییەکان لە سەرانسەری عێراقدا."
 
رۆمانۆوسکی گوتی، "ئەم یاسایە توانای عێراق لاواز دەکات بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوورییەکەی و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی. رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و گشتگیری سیاسی و ئابووری بۆ ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی عێراق زۆر گرنگە."
 
هەروەها لە هەمواری یاساکەدا هاتووە، "هەر پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ پیاوێکى دیکە بگۆڕێتەوە بە مەبەستى سێکس، سزاکەى لەنێوان بەندکردنى تاهەتایی تاوەکو لەسێدارەدان دەبێت. هەر کەسێکیش رەگەزى خۆى بگۆڕێت، سزاکەى لەنێوان ساڵێک بۆ سێ ساڵ بەندکردن دەبێت و ئەو پزیشکەش نەشتەرگەرییەکەی بۆ کردووە هەمان سزا دەدرێت."

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە