سوودانی: قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانی لە عێراق 89 ملیار دۆلارە

17-05-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لە گوتارێکیدا لە لووتکەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتانی عەرەبی کە لە بەغدا بەڕێوەچوو، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دامەزراندنی چەند ناوەندێکی عەرەبی راگەیاند، بۆ ژیریی دەستکرد، پاراستنی ژینگە لە پاشماوەی جەنگ، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "دەستپێشخەریی پەیماننامەی چاکسازی ئابووری عەرەبی بۆ دەیەی داهاتوو رادەگەیێنین، کە بریتییە لە دابینکردنی ژینگەیەکی وەبەرهێنانی یەکگرتوو و هاوبەش بۆ وەبەرهێنانی عەرەبی، ئازادی بازرگانی و دامەزراندنی ناوچەی بازرگانی ئازاد."
 
سوودانی گوتی، "ئامانج لە رێگەی پڕۆژەی ستراتیژیی رێگەی گەشەپێدان، بەستنەوەی بەندەری فاوی گەورەیە بە تورکیاوە، کە لەوێوە تێدەپەڕێت بۆ ئەورووپا. بانگهێشتنامەشمان بەردەوام و کراوەیە بۆ براکانمان بۆ ئەوەی بەشداری لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان و دەرفەتەکانی بکەن."
 
ئاماژەی بەوەش کرد، "پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، دەرفەت و تواناکانی عێراق و ناوچەکە لەخۆ دەگرێت، جگە لە شارە پیشەسازی و وەبەرهێنانەکانی سەر رێڕەوەکەی، کە رێڕەوەکەی تێکەڵ بە تۆڕە نێودەوڵەتییەکانی گواستنەوە و وزە دەبێت."
 
لەبارەی قەبارەی وەبەرهێنان لە عێراق، سوودانی رایگەیاند، "بەهۆی ئاسانکارییەکان لە ژینگەی وەبەرهێنان، قەبارەی وەبەرهێنانی عەرەبی و بیانی لە عێراق بۆ نزیکەی 89 ملیار دۆلار بەرزبووەتەوە."
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق دامەزراندنی چەند ناوەندێکی عەرەبی راگەیاند و گوتی، "دەستمان کردووە بە دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ پاراستنی ژینگە لە پاشماوەی جەنگ. هەروەها دەستپێشخەری دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ ژیریی دەستکرد لە بەغدا دەکەین و دامەزراندنی ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پەیوەندییە جەماوەری و کولتوورییەکان لە نێوان وڵاتانی عەرەبی رادەگەیێنین."
 
گوتیشی، "دەستپێشخەرییەک رادەگەیێنین بۆ دروستکردنی ژووری هاوبەشی هاوئاهەنگی ئاسایشی عەرەبی، لەگەڵ دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە بەغدا، دامەزراندنی ناوەندی هاوئاهەنگی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە بەغدا و دامەزراندنی ناوەندی عەرەبی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بارەگاکەی لە بەغدا دەبێت."
 
لووتکەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی وڵاتانی عەرەبی، راستەوخۆ لە دوای کۆتاییهاتنی لووتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا بە دوو قۆناخ بەڕێوەچوو، قۆناخی یەکەمی بە ئاشکرا بوو کە بەشێک لە سەرۆک و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار گوتاریان دا، قۆناخی دووەمیشی بە داخراوی بەڕێوەچوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە