رووداو دیجیتاڵ
دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق بڕیاری دا بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى رێکارەکانى بانکى ناوەندی لە رێگەى بانکە مۆڵەتپێدراوەکان و بە هاوئاهەنگیى نێوان هەولێر و بەغدا بێت، هەروەها بڕیاری دا فەرمانبەر ئازاد بێت لە دیاریکردنى ئەو بانکە بەجێکردنى مووچەى تێدا دەکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ى شوباتى 2025، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لە بارەى سکاڵایەکى لەتیف رەشید سەرۆککۆمار کۆبووەوە، کە لەبارەى مووچەى مووچەخۆرانی هەرێمى کوردستان تۆماری کردبوو.
دادگەى باڵاى فیدراڵى بڕیاری دا جێبەجێکردنى پرۆسەى بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بەگوێرەى رێکارەکانى بەجێکردن کە لە بانکى ناوەندیى دەرکراوە، بێت. پێویستە بەجێکردنەکە لە رێگەى ئەو بانکانە بێت، کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە مۆڵەتیان پێدراوە. ئەویش بە گوێرەى رێکارە پیادەکراوەکان بێت لەلایەن حکومەتى فیدراڵییەوە.
لە بەشێکى دیکەى بڕیارەکەدا هاتووە کە دەبێت ئەو بەجێکردنى مووچەیە بە هاوئاهەنگى نێوان وەزارەتى دارایی فیدراڵ و وەزارەتى دارایی و ئابووریى حکومەتى هەرێمى کوردستان بێت و ئازادى بدرێتە فەرمانبەر لە دیاریکردنى ئەو بانکەى دیاری دەکات بۆ بەجێکردنى مووچە.
دادگەى باڵاى فیدراڵی لە 21ـى شوباتى 2024، بە بڕیارێک هەردوو حکومەتى فیدراڵى و هەرێمى کوردستانى پابەند کرد، بەوەى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بەجێبکرێت و مانگانە بدرێت.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق کە بریکارى یاسایی سکاڵاکە بوو بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: بەگوێرەى بڕیارى دادگە هەر دوو وەزارەتى دارایی فیدراڵ و هەرێمى کوردستان پابەند دەکات بە بەجێکردنى مووچەى فەرمانبەران.
هاوڕێ تۆفیق ئاماژەى بەوەشدا، جیاوازى ئەم بڕیارە لەگەڵ بڕیارى پێشووى دادگەى فیدراڵى ئەوەیە، پێشتر تەنیا بەجێکردنى مووچەى لە بانکە حکومییەکان دیاری کردبوو، بەڵام ئەم بڕیارە نوێیە بانکە ئەهلییەکانیشى گرتووەتەوە و ئازادى داوەتە فەرمانبەر لەد یاریکردنى ئەو بانکەى بەجێکردنى مووچەى تێدا دەکات.
ئەو سکاڵایەى سەرۆککۆمارى عێراق لە دژى سەرۆکوەزیرانى عێراق، سەرۆکى پەرلەمان و وەزیرى دارایی فیدڕاڵ تۆمارکرا بوو، تێیدا داوا کراوە دادگەى باڵاى فیدراڵى فەرمانسالارییەکى بەپەلە دەربکات بۆ ناچارکردنى وەزارەتى دارایی فیدڕاڵ بە خەرجکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان بە هەموو توێژەکانەوە بۆ مانگەکانى رابردوو و داهاتوو.
لە یەکێک لە خاڵەکانى دیکەى سکاڵاکەدا داوا کرابوو ناردنى مووچە بەبێ دواکەوتن و بەردەوام بێت و لە ژێر هیچ پاساوێک کە پەیوەندار بێت بە بەجێکردنى مووچە و پرسى تەکنیکى و کارگێڕی وەک تەرازووى پێداچوونەوە و رێکارە تەکنیکی و چاودێرییەکانى دیکە و مووچەى فەرمانبەران بە گوێرەى رێنماییەکانى بانکى ناوەندیى عێراق بەجێبکرێت، بەڵام دادگەکە ئەو داواکارییانەی رەتکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ