رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی "جۆری"دا هێزەکانیان چوونەتە نێو خاکی سووریا و لە پارێزگای حومس دەستیان بەسەر 400 هەزار حەبی کەبتاگۆندا گرتووە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی چوارشەممە 18-02-2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "لە چوارچێوەی هاوئاهەنگیی ئەمنی و ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری لەگەڵ کۆماری عەرەبیی سووریا، ئۆپەراسیۆنێکی جۆری لە پارێزگای حومس کرا".
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، مەفرەزەیەکی تایبەتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادە هۆشبەرەکانی عێراق چوونەتە نێو خاکی سووریا و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیداری ئەو وڵاتە، ئۆپەراسیۆنەکەیان ئەنجامداوە.
وەزارەتی ناوخۆ دەڵێت: "دوو تۆمەتباری ئەندامی تۆڕێکی نێودەوڵەتیی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر کراون، دەستیش بەسەر 400 هەزار حەبی هۆشبەر لە جۆری (کەبتاگۆن)دا گیراوە کە ئامادەکرابوون بۆ ئەوەی بهێندرێنە نێو عێراق."
لای خۆیەوە وەزارەتی ناوخۆی سووریا وردەکاریی زیاتری بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو دوو کەسەی دەستگیرکراون ناویان (ب.ع) و (ئ.ع)ـە و تێوەگلاون لە بەڕێوەبردنی تۆڕێکی قاچاخچێتیی نێودەوڵەتی کە لەسەر سنوورەکان چالاکن.
بەگوێرەی پۆلیسی سووریا، کێشی ئەو مادە هۆشبەرەی دەستی بەسەردا گیراوە نزیکەی 65 کیلۆگرام بووە.
ئەمە یەکەمجار نییە هێزە عێراقییەکان و سوورییەکان ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەکەن؛ تەنیا ئەمساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەی هاوبەشدا لە پارێزگای حومس و گوندەواری دیمەشق، دەست بەسەر 2.8 ملیۆن دەنک حەبی کەبتاگۆندا گیرابوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ