وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: پێویستە ئەمریکا هاوبەشی سەربازیی لەپێشینەی عێراق بێت

18-09-2025
A+ A-
 

دوای ئەوەی بەرپرسێکی باڵای ئەمنیی رووسیا سەردانی بەغدای کرد و ئامادەیی مۆسکۆی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندیی سەربازی لەگەڵ عێراق راگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، وڵاتەکەی "باڵادەستترین" چەک بە هاوبەشەکانی لە عێراق دەدات و "پێویستە ئەمریکا هاوبەشی لەپێشینە" بێت بۆ عێراق. وەزارەتی بەرگریی عێراقیش بە رووداوی راگەیاند، باس لە واژۆکردنی هیچ گرێبەستێکی سەربازی لەگەڵ رووسیا نەکراوە.  
 
سێرگی شۆیگۆ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا، رۆژی سێشەممە لە بەغدا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبووەوە. بە گوێرەی ئاژانسی ئینتەرفاکسی رووسی، شۆیگۆ رایگەیاندووە، گرێبەستەکانی نێوان مۆسکۆ و بەغدا لە بەفراوانبوونی بەردەوامدان، لەنێویاندا لە بواری تەکنیکی سەربازی. 
 
رووداو پرسیاری لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد کە تێڕوانینیان بۆ ئەگەری بەهێزبوونی پەیوەندییە سەربازییەکانی عێراق و رووسیا چی دەبێت. 
 
لە وەڵامی ئەوەدا، گوتەبێژێکی وەزارەتەکە بە رووداوی گوت: "ئێمە ناچینە نێو گریمانەکانەوە،" بەڵام  "ئەمریکا پابەندە بە [هاوکاریکردنی] هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری عێراق، ئەوانەی کە کار بۆ بونیادنانی وڵاتێکی سەقامگیر، فیدڕاڵ و خاوەن سەروەری دەکەن."
 
گوتەبێژەکە هەروەها گوتیشی: "سوپای ئەمریکا باڵادەسترین تەکنەلۆجیا و ئەزموون بە هاوبەشە عێراقییەکانمان دەدات. پێویستە ئەمریکا هاوبەشی لەپێشینە بێت."
 
ئەوە لە کاتێکدایە کە شۆیگۆ بە جیا لەگەڵ محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیران؛ سابت عەباسی، وەزیری بەرگری؛ قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی و عەلی ناسر، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاسایشی نیشتمانی کۆبووەوە. 
 
لە دیدارێکی کورتدا لەگەڵ عەلی ناسر لە فڕۆکەخانەی بەغدا، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشیی نیشتمانیی رووسیا گوتی: "گرێبەستەکان لە بەهێزبووندان. ئەوانە گرێبەستی فرەبوارن؛ بازرگانی، ئابووری، گواستنەوە و پێکەوەکارکردنی سەربازی و تەکنیکی سەربازیش دەگرنەوە."
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لە کۆبوونەوەی شۆیگۆ و وەزیری بەرگریی عێراقدا باس لە واژۆکردنی گرێبەست لەگەڵ رووسیا بۆ کڕینی چەک و کەرەستەی سەربازی نەکراوە.
 
خەفاجی گوتی: "ئەوەی لە کۆبوونەوەکەدا باسکرا، پەرەپێدان بوو بە پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسییەکانی هەردوولا، چونکە عێراق پەیوەندییەکی لەمێژینەی لەگەڵ رووسیادا هەیە."
 
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گرێبەستانەی لەم کاتەدا لەبەردەستی عێراقدان، بریتین لە "کڕینی هێلیکۆپتەری جەنگیی فەرەنسی و سیستمی بەرگریی ئاسمانیی لە کۆریای باشوور." 
 
جەختیشی کردەوە کە "تاوەکو ئێستا هیچ نیازێک بۆ واژۆکردنی گرێبەستی دیکەی سەربازی نییە."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.