ئەنجوومەنی دەوڵەت لەبارەی داهاتی نانەوتی کۆدەبێتەوە

18-09-2025
ئارێز خالید
لۆگۆی ئەنجوومەنی دەوڵەت
لۆگۆی ئەنجوومەنی دەوڵەت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دوو راوێژکاری ئەنجوومەنی دەوڵەت دەڵێن، تاوەکو ئێستا هیچ نوێنەرێکی هەرێمی کوردستان نەچووە بەشداریی لە کۆبوونەوەکانیان بکات بۆ ئەوەی بۆچوونی یاسایی ئەوان بزانن.
 
ئەو دوو راوێژکارە دەڵێن، لە ئەمینداریێتیی گشتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە چەند داواکارییان بۆ هاتووە تاوەکو ئەنجوومەنەکەیان رای یاسایی خۆیانی لەسەر بدەن.
 
بەگوتەی ئەوان، داوای روونکردنەوەیان لێکراوە، لەسەر ماددەی 29 لە یاسای بەڕێوەبردنی دارایی، کە تایبەتە بە پێدانی باج، رسوومات و داهاتی گومرگەکان، هەروەها داوای روونکردنەوەی یاسایییان لێکراوە لەسەر ماددەکانی یاسای بودجە کە تایبەتن بە هەرێمی کوردستان.
 
هەرێمی کوردستان لە بۆچوونەکانیاندا کە بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ناردووە، دەڵێت، "ئێمە بەپێی ئەم مادەیە (مادەی 29) داهاتە نانەوتییەکانمان دەدەین، لە مادەکەدا بەم شێوەیە، باسکراوە: 50٪ی رسومات و باجی فەرمانگە فیدراڵییەکان وەک پاسپۆرت، نشینگە و ئەوانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق، 50٪ی داهاتی گومرگەکانیش دەدەنە عێراق، بەڵام بەپێی مادەی 21ی یاسای بودجە یەک دینار لە داهاتی ئەو رسوماتانە نادەنە بەغدا، کە بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان دانراون".
 
بەگوتەی ئەو دوو راوێژکارە، لە کۆبوونەوەی دوێنێیاندا داواکارییەک ئاراستەی نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان کراوە بۆ ئەوەی نوێنەریان بنێرن تاوەکو لەکاتی نووسینەوەی بۆچوونە یاساییەکەی ئەنجوومەنەکە لەوێ ئامادەبێت و بۆچوونی یاسایی هەرێمی کوردستانیش بزانن لەسەر ئەو رایەی ئەنجوومەنی دەوڵەت دەیدات.
 
باس لەوەش دەکەن، ئەنجوومەنەکەیان ئەمڕۆش کۆدەبێتەوە، بەڵام بەهۆی چەند بۆچوونێکی جیاواز لەسەر نووسراوی کۆتایی دوێنێ، نەیانتوانیوە بگەنە ئەنجام و هیچ کاتێکیشیان بۆ دیارینەکراوە بۆ کۆتایهێنان بە ئەرکەکانیان، رەنگە هەفتەی داهاتوو تەواوبن.
 
دڵنیاییش دەدەن کاری ئەنجوومەنەکەیان یاساییە و بۆچوونەکانیان بەگوێرەی یاسا دەردەکەن، پێویست ناکات خەڵک و حکومەت بە شێوەیەکی دیکە بیربکەنەوە وابزانن ئەنجوومەنەکە مادام سەر بە حکومەتی عێراقە، پێشێلی خوێندنەوەیەکی یاسایی سەربەخۆ دەکات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە