لە سەلاحەدین 13 پارت و هاوپەیمانی کێبڕکێ لەسەر 12 کورسیی پەرلەمان دەکەن

18-10-2025
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق2025
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

نووسینگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لە پارێزگای سەلاحەدین، رایدەگەیێنێت 10 پێشێلکاریی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارت و هاوپەیمانییەتییەکاندا تۆمارکراون.
 
فەرقەد عەبدولحەمید، یاریدەدەری بەڕێوەبەری نووسینگەی کۆمیسیۆن لە سەلاحەدین، رۆژی شەممە، 18-10-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا 10 پێشێلکاریی بانگەشەی هەڵبژاردن لە پارێزگاکە تۆمارکراون.
 
بە گوتەی فەرقەد عەبدولحەمید، 13 پارت و هاوپەیمانی لە سەلاحەدین بەشداریی هەڵبژاردن دەکەن و 296 بەربژێریان هەیە، کە 216ـیان پیاو و 80ـیان ژنن.
 
بەربژێرەکان لە پارێزگای سەلاحەدین کێبڕکێ لەسەر 12 کورسیی پەرلەمان دەکەن، کە 9 کورسییان بۆ پیاوان و 3 کورسییان بۆ ژنان تەرخانکراوە.
لە هەڵبژاردنی داهاتوودا 808 هەزار و 43 هاووڵاتیی مافی دەنگدانیان هەیە.
 
دەنگدانی گشتی لە 356 بنکە بەڕێوەدەچێت، کە 1589 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرن. هەروەها دەنگدانی تایبەتیش لە 50 بنکە بەڕێوەدەچێت، کە 283 وێستگەی دەنگدانی تایبەت لەخۆدەگرن.
 
پارت و هاوپەیمانییە بەشداربووەکان لە سەلاحەدین:
 
- پارتی رەوتی نیشتمانیی هۆزەکان لە عێراق
- هاوپەیمانیی حەسمی نیشتمانی
- هاوپەیمانیی شەرگات بۆ خەڵکەکەی
- هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- هاوپەیمانیی بەدیل
- هاوپەیمانیی تەفەوق 
- هاوپەیمانیی سەروەریی نیشتمانی 
- هاوپەیمانیی هاوبەشیمان لە سەڵاحەدین
- هاوپەیمانیی سەڵاحەدینی یەکگرتوو
- هاوپەیمانیی عەزمی عێراق (عەزم)
- پارتی جەماوەریی نیشتمانی
- پارتی تەقدووم
- هاوپەیمانیی هەڵۆکانمان
 
بەربژێرانى کورد لە خورماتوو بەسەر دوو لیستى عەرەبیدا دابەش دەبن، کە دوو جەمسەرى سەرەکى ململانێن لە پارێزگاى سەلاحەدین، بەڵام هەڵبژاردنى دوو لیستى بۆ یەکێتى و پارتى لەو سنوورە بۆ گەیشتنە بەو ژمارەی دەنگانەى دەتوانێت سەریان بخات.
 
بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە بازنەى سەلاحەدین، کەریم شوکر، تاکە بەربژێرى یەکێتیى نیشتمانیى کوردستانە کە لە لیستى 'جەماوەرى نیشتمانى' بەشدارە و ئەحمەد جبوورى ناسراو بە ئەبوو مازن، ئەمیندارى گشتیى حیزبەکەیە و یەکێکە لە لایەنە سەرەکییەکانى سوننە لە سەلاحەدین و پۆستى پارێزگاریان بەدەستەوەیە.
 
مەلا حەسەن گەرمیانى، بەرپرسی مەڵبەندى یەکێتى لە خورماتوو بە رووداوى راگەیاند: بەشدارى بەربژێرانیان لە لیستى جیاوازدا لەبرى یەک لیست، پەیوەندى بەوە هەیە، کە ئەگەر بەیەک لیست بەشداربن ناگەنە ئەو ژمارەیەی کە بتوانن کورسییەک مسۆگەر بکەن، بۆیە سوود لەو لیستە گەورانە دەبینن.
 
لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە ساڵى 2014 لایەنە کوردستانییەکان لە خورماتوو بە یەک لیست بەشداربوون، بەڵام نەیانتوانى کورسییەک مسۆگەر بکەن.
 
شەیما مەحموود، بەربژێرى پارتى دیموکراتى کوردستانە لە سەلاحەدین، بۆ ئەم هەڵبژاردنە لەنێو لیستى هاوپەیمانیى عەزمى عێراق بەربژێرە، کە موسەننا سامەڕائى سەرۆکایەتى دەکات.
 
کاوە شێخانى، نوێنەرى پارتى لە پارێزگای سەلاحەدین بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت: "ئەو دوو لیستەى کە بەربژێرانى ئێمە و یەکێتى تێدایە، ململانێى گەورە لە نێوانیاندا هەیە، بەڵام ئێمە لەنێو خۆماندا تەباین، بەشداریکردنمان لە دەنگدان بە لیستى جیا بۆ ئەوەیە بگەینە دەنگى پێویست بۆ دەرچوون."
 
لە هەڵبژاردنى پێشووى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق لە ساڵى 2023، یەکێتى لەنێو لیستى پارتى جەماوەرى نیشتمانى یەک بەربژێرى هەبوو، کە 10 هەزار و 884 دەنگى بەدەستهێنا و بووە ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگا، بەڵام بەربژێرى پارتى لەنێو لیستى حەسمى نیشتیمانى بەشداربوو 1415 دەنگى بەدەستهێنا و نەیتوانى سەرکەوتن مسۆگەر بکات.
 
بە گوتەى هەردوو  بەرپرسەکەى پارتى و یەکێتى لە خورماتوو، جگە لە پشتبەستن بە دەنگى کوردانى قەزاى خورماتوو، کار بۆ بەدەستهێنانى دەنگى عەرەبی ناوچەکانى دیکەى پارێزگاى سەلاحەدین دەکەن.
 
پشکى سەلاحەدین بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق 12 کورسییە. رکابەریى سەرەکیی لایەنە کوردستانییەکان لە خورماتوو لەگەڵ تورکمانى شیعەیە کە لەو سنوورەن.
 
لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى ساڵى 2023 لە سەلاحەدین جگە لە بەربژێرانى یەکێتى و پارتى، حیزبى شیوعى کوردستانیش بەربژێرى لەنێو لیستێکى دیکەى عەرەبی هەبوو، بەبێ ئەوەى دەنگى پێویست بۆ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت کە 714 دەنگ بوو.
 
هێمن داوودى، کارگێڕى کۆمیتەى خورماتووى حیزبى شیوعى بە رووداوى راگەیاند: "ئێمە بڕیارمانداوە لە هەولێر دەنگەکانمان بۆ کۆتای کریستیان بێت."
 
بەگوێرەى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، دەنگدەر لە هەر پارێزگایەک بێت، دەتوانێت دەنگ بدات بە کۆتای پێکهاتەکان لە هەر پارێزگایەکى دیکە بێت.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە