رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان، لە بەرنامەی کاردایە.
بڕیارە کۆبوونەوەکە کاژێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە 19-01-2025) دەستپێدەکات.
بەرنامەی کار لە 8 بڕگە پێکهاتووە کە 5 پڕۆژەیاسا دەنگیان لەسەر دەدرێت و خوێندنەوەی یەکەمیش بۆ سێ پڕۆژەی دیکە دەکرێت.
هەمواری یاسای بودجەی تایبەت بە دۆسیەی نەوتی هەرێمی کوردستان یەکێکە لەو بڕگانەی چاوەڕوان دەکرێت دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام بەپێی زانیارییەکانی رووداو، لیژنەی دارایی پەرلەمان تائێستا هەموارەکەی پەسندنەکردووە بۆ ئەوەی بخرێتە دەنگدانەوە.
پێش کۆبوونەوەی پەرلەمان، لیژنەی دارایی جارێکی دیکە لەسەر ئەم پرسە کۆدەبێتەوە.
سائیر جبووری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێشتا دیار نییە ئەمڕۆ دەنگ بە هەمواری یاسای بودجە دەدرێت یان دوادەخرێت، ئەمەش پەیوەستە بە رێککەوتن و گفتوگۆکانەوە."
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە 5ـی تشرینی دووەمی 2024 هەمواری مادەی 12ـی تایبەت بە بەرهەمهێنان، گواستنەوە و رادەستکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانی لە یاسای بودجەی سێ ساڵی پەسند کرد و 16 دۆلاری وەک تێچووی بەرهەمهێنانی بەرمیلێک نەوت دیاریکرد.
بەگوێرەی بڕگەی یەکەمی هەموارەکە، وەزارەتی دارایی عێراق شایستە داراییەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک نەوتەکە رادەستی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بکات.
هەروەها لە بڕگەکانی پێشنیازی هەموارەکەدا هاتووە، شایستە داراییەکان بە شێوازێکی دادپەروەرانە لەلایەن دامەزراوەیەکی راوێژکاریی نێودەوڵەتی تایبەتمەند کە دڵخوازی وەزارەتەکانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێت، دیاری دەکرێن.
بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق:
دەنگدان بە پڕۆژەیاسای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی
دەنگدان بە هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی 2023، 2024 و 2025
دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری چوارەمی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی لە کەرتی تایبەت و تێکەڵ
دەنگدان بە پێشنیازی یاسای سەندیکای پرۆگرامسازانی عێراق
دەنگدان بە پێشنیازی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بنەماکانی هاوسەنگیی بڕوانامە و پلە زانستییەکان
خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای ڕێکخستنی کرێی خزمەتگوزارییەکان لە فەرمانگەکانی دەوڵەت
خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای هەمواری یەکەمی یاسای دەستەی گشتیی چاودێریی داهاتە فیدراڵییەکان
خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازی یاسای پاراستنی مافی کەمینەکان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ