حەشدی شەعبی هێزی زیاتر رەوانەی سنووری سووریا دەکات

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
مالیک محەممەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی حەشدی شەعبی دەڵێت، بۆ رێگری لە هەر "پێشێلکارییەک و دزەکردنی چەکداری"، ژمارەی هێزەکانیان لە سنووری عێراق و سووریا زیاد کردووە و چەند یەکەیەکیان لە ژمارەیەک خاڵی سنووریی هەستیار جێگیر کردووە.

رۆژی دووشەممە، 19ـی کانوونی دووەمی 2026، دەستەی حەشدی شەعبی لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لیوای 25ـی هێزەکانیان بڵاوەپێکردنی مەیدانی لەو ناوچەیەی هاوسنوورە لەگەڵ سووریا، چڕتر کردووەتەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەم جووڵە سەربازییە لە چوارچێوەی هەوڵە ئەمنییەکاندایە بۆ "تووندوتۆڵکردنی سنوور و رێگریکردن لە هەر ئەگەرێکی دزەکردن"ی چەکدار.
 
حەشدی شەعبی دەڵێ، هێزی پشتیوانییەکە لە چەند خاڵێکی سنووریی هەستیار جێگیربوون و ئامانجیش لێی "رێگریکردنە لە دزەکردنی چەکدارە تیرۆریستییەکان، سنووردارکردنی چالاکییە تاوانکارییەکان و تووندوتۆڵکردنی زیاتری سنوورەکان."
 
هەر ئەمڕۆ، لیوا تەحسین خەفاجی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی عێراق بە رووداوی راگەیاند، "هێزە فیدراڵییەکان و پێشمەرگە لە سنوورەکاندا لە ئامادەیی تەواودان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر دزەکردنێک لە سنوورەکان و هاوئاهەنگی و ئاڵوگۆڕی زانیاریمان لە هەموو بوارەکانیش هەیە".
 
لەبارەی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی سووریا و رۆژئاوای کوردستان، تەحسین خەفاجی ئاماژەی بەوە کرد: "چاودێری دۆخەکە و ئەو رووداوانە دەکەین کە لە سووریا روودەدەن."
 
دوێنێ یەکشەممە، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە لە پەیامێکدا هۆشداریدا کە نابێت بە "سادەیی" مامەڵە لەگەڵ ئەو رووداوانە بکرێ کە لە سووریا و نزیک سنوورەکانی عێراق روودەدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە