رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی رایدەگەیێنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆدەبێتەوە.
محەممەد حوسام حوسێنی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراق، ئەمڕۆ دووشەممە 19-1-2026 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگیی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی دەکات.
سەبارەت بە یەکلاکردنەوەی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەممەد حوسێنی، کە هاوکات سەرۆکی نووسینگەی پەیوەندییە نیشتمانییەکانی رەوتی حیکمەیە رەتیکردەوە مالیکی یەکلایی ببێتەوە، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعەکان یەکدەنگ و کۆک نین لەسەر بەربژێرکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق.
پرسی دیاریکردنی سەرۆکوەزیران مشتومڕی خستووەتە نێو ماڵی شیعەکانەوە. عارف حەمامی، ئەندامی حیزبی دەعوەی ئیسلامی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەربژێرکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلابووەتەوە."
ئەم زانیارییە لەلایەن رێکخراوی بەدریشەوە پشتڕاست کرایەوە. ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر (بە سەرۆکایەتیی هادی عامری) بە رووداوی گوت، "لێکتێگەیشتن لەنێوان هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەبارەی بەربژێرکردنی مالیکییەوە دروست بووە و هەموو لەسەری رێککەوتوون."
بە پێچەوانەی دەوڵەتی یاسا و بەدر، رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی عەممار حەکیم رەتیدەکاتەوە پۆستەکە لە بەرژەوەندیی مالیکی یەکلایی بووبێتەوە.
فەهد جبووری، ئەندامی دەستەی گشتیی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەوەی دەگوترێت لەبارەی رێککەوتنی سەرجەم لایەنەکانی چوارچێوە لەسەر نووری مالیکی، دوورە لە راستییەوە."
حەیدەر بەرزنجی، شرۆڤەکاری سیاسیی نزیک لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و نزیک لە قەیس خەزعەلی، ئەمینداری گشتیی عەسائیب ئەهلی حەق، بەدووری دەزانێت کۆدەنگی لەسەر مالیکی هەبێت و پێیوایە پەنا بۆ "بەربژێری سازان" دەبرێت.
بەرزنجی، نەخشەی دابەشبوونی هێزەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ رووداو روونکردەوە و گوتی، "محەممەد شیاع سوودانی و نووری مالیکی لە یەکدی نزیکن، لە بەرامبەردا عەممار حەکیم و قەیس خەزعەلی لە بەرەیەکی دیکەدان و هادی عامریش لە ناوەڕاستدایە."
بە بڕوای ئەو شرۆڤەکارە، ئێستا ناوی چەند کەسایەتییەک بۆ ئەو پۆستە دەهێندرێت، لەوانە، ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستی، تارق نەجم، سەرکردە لە حیزبی دەعوە.
خاڵێکی دیکەی یەکلاکەرەوە کە بەرزنجی ئاماژەی پێدا، هەڵوێستی مەرجەعیەت و سەدرە. ئەو دەڵێت، "ئەستەمە موقتەدا سەدر بە بەربژێرکردنی مالیکی رازی بێت، بۆیە لە کۆتاییدا پەنا بۆ بەربژێرێکی دیکە دەبرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ